رووداو دیجیتاڵ
فیدریکۆ مانگیامێلی، یاریزانی پێشووی یانەی میلانی ئیتاڵی، سکانداڵێکی نوێی لە خولی تۆپی پێی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند گەندەڵییەکی گەورە لە تۆپی پێی وڵاتەکەدا هەیە.
قسەکانی مانگیامێلی، لە کاتێکدایە کە ئیتاڵیا بەهۆی سێیەمجاری لەسەریەک سەرنەکەوتن بۆ مۆندیال، لە شۆکێکی گەورەدا دەژی و کۆمەڵگەی تۆپی پێی وڵاتەکە، ئازارێکی زۆری هەیە بەدەست رووداوەکەوە.
ئیتاڵیا لە یاریی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنی ئەورووپا بۆ گەیشتن بەمۆندیال، بەلێدانی یەکلاکەرەوە بەهەڵبژاردەی بۆسنە دۆڕا، پاشئەوەی لە کاتی یاساییدا بەگۆڵێک یەکسانبوو لەگەڵی.
مانگیامێلی، لە تیپی تەمەنە جیاوازەکانی میلان پێگەیشتووە، لە میلای خوار تەمەنی 17 ساڵان و 19 ساڵان یاریی کردووە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی کە ناویناوە 'گەندەڵییەکی بەربڵاو' لە تۆپی پێی وڵاتەکە، وازی لە یارییکردن هێنا.
ئەو یاریزانەی پێشوو، لە سۆشیال میدیای خۆی دەڵێ، "لەلایەک هەست بەبێئومێدی دەکەم، لەلایەکی دیکەوە دڵخۆشم. تەنیا ئەوانەی لە ناوەندی تۆپی پێدا ژیاون، دەزانن لە پشتی پەردەوە چی روودەدات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەڕێوەبەرەکانی کار، پارە دەدەن لەپێناو بەرزکردنەوەی یاریزانەکانیان لە خولەکانی پلە نزمی ئیتاڵیاوە بۆ خولی پلە سێی ئیتاڵیا، ئەوەش لە رێگەی پێدانی بەرتیلەوە کە هەندێکجار دەگاتە 50 هەزار یۆرۆ".
هەروەها دەڵێ، "تیپەکانی پلە یەک و خوار ئەوانیش پێکهاتوون لەو یاریزانە بیانییانەی مووچەی لەخۆیان گەورەتر وەردەگرن، لەگەڵ ئەو راهێنەرانەی تەنانەت نازانن چۆن پێکهاتەی سەرەکیی تیپێک دادەنێن".
یاریزانەکەی پێشوو هەروەها دەڵێ، "هەندێک هاوکاری خۆمم بینی لەلایەن بەرپرسانی یانەکەوە زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوە بووەتە بەشێک لە سیستمە ژەهراوییەکەی تۆپی پێی ئیتاڵیا".
دواتر دەڵێ، "دۆخی تۆپی پێ لە وەرزشەکانی دیکە جیاوازە، لە تۆپی پێدا راستییەکان ساختەدەکرێن و خزمخزمێنە و تەنیا پارە باڵادەستن".
مانگیامێلی لە کۆتاییدا دەڵێ، خۆشحاڵم کە ئەو ناوەندەم بەجێهشت، ئەوەی بینیم هەتاهەتایە وەک وێنەیەکی راستەقینە لەبارەی تۆپی پێی ئیتاڵیا، لە مێشکمدا دەمێنێتەوە".
قسەکانی ئەو یاریزانەی پێشووی میلان لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە بۆ ئیتاڵییەکان و هەڵبژاردەی وڵاتەکە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە.
دوای شکستەکە بەرامبەر بۆسنە و نەگەیشتنە مۆندیال، ناڕەزایەتییەکی گەورە باڵی بەسەر هاندەرانی تۆپی پێی وڵاتەکەدا کێشاوە و رەخنەی تووند لە دامەزراوەی وەرزشیی وڵاتەکە دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ