رووداو دیجیتاڵ
پێکدادان و شەڕە چەقۆ، ئاهەنگەکانی یانەی ناپۆلی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵیا تێکدا، لە کاتێکدا هاندەران خۆیان بۆ پێشوازی لە پاسی یانەکە دەکرد کە دەبوو جامی خولەکە و یاریزانەکانی بۆ هاندەران نمایش بکات.
یانەی ناپۆلی پاش بردنەوە لە کالیاری بە 2 - 0 گۆڵ، بۆ چوارەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولەکەی بردەوە.
بڕیاربوو یانەکە لەسەر پشتی پاسێکی سەرکراوە، جامی خولەکە و یاریزانەکانی بەنێو شارەکەدا بگێڕێت و زیاتر لە 100 هەزار کەس لە پێشوازییدابن. شارەوانیی ناپۆلی بڕیاریدا هەندێک لە قوتابخانەکان و باخچەی ساوایان بەهەمان بۆنەوە دابخات.
ئاهەنگەکان قەرەباڵخیی زۆریان بەخۆوە بینی. دەزگا تەندروستییەکانی شارەکە ئاشکرایانکرد، زیاتر لەسەد کەسیان چارەسەرکردووە کە بەهۆی ئاهەنگگێڕانی زۆر و دەمەقاڵە و شەڕەوە گەیێنراونەتە نەخۆشخانەکانی شارەکە بۆ چارەسەرکرد.
دەزگا تەندروستییەکان دووپاتیکردووەتەوە ژمارەی بریندارانی ئاهەنگی یانەکە، سێ هێندەی ژمارەی بریندارانی شەڕ و پێکدادانەکانی ئاهەنگی شەوی سەری ساڵ بووە.
بریندارەکان بەهۆی پێکدادان، شەڕە دەست و هێرشکردنە سەر یەکدی بەچەقۆ و یاریی ئاگرینەوە بەدۆخی جیاوازەوە برانە نەخۆشخانەکانی شارەکە.
پۆلیس رایگەیاندووە لە گەرمەی ئاهەنگەکاندا، کەسێکی تەمەن 47 ساڵ بەهۆی لێدانی مۆتۆڕسکیلەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام روون نییە رووداوەکە راستەوخۆ پەیوەندی بەئاهەنگەکانەوە هەبووە یان نا.
پۆلیسی ناپۆلی دەڵێ، لە شەوی ئاهەنگەکەدا، دزی و دەستدرێژی و دەستبەسەرداگرتنی چەکیش هەبووە.
پۆلیس دەستگیرکردنی دەیان ئاژاوەگێڕی راگەیاندووە، لەنێویاندا تیک تۆک چییەک کە تەمەنی 26 ساڵە و هەزاران فۆڵۆوەرزی هەیە.
پۆلیس دەڵێ تیک تۆک چییەکە، لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا ویستوویانە بەسەر پەرژینێکدا بازبدەن و کاتێک لەلایەن پۆلیسەوە راگیراون، ئەو هەڵهاتووە و ئەو دەمانچەیەی پێی بووە، فڕێیداوەتە نێو باخچەیەکەوە، بەڵام دواتر پۆلیس دۆزیویەتییەوە.
تیک تۆک چییەکە، دواتر لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی، پەلاماری پۆلیسی داوە و ئەفسەرێکی بریندارکردووە.
یانەی ناپۆلی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، دووجار نازناوی خولی ئیتاڵیایی بەدەستهێناوە و سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، یانەکە ئێستا نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ کیڤن دی برۆین، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، کە رۆیشتنی لە یانەکەی راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ