هیلال مەرجێکی قورس بۆ رۆناڵدۆ دادەنێت

25-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی چەند مەرجێکی قورس بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕ دادەنێت بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان مەرجە سەرەکییەکانی یانەی هیلالی سعودییان ئاشکرا کردووە بۆ رازیبوون بە گواستنەوەی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕ لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا. 
 
گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت و لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەکانی ناو یانە سعودییەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستاندنەکان بەردەوامن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا و بەرازیل لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین راپۆرتیان بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بەئەگەری بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەجامی جیهانی یانەکاندا، لەڕێگەی یاریکردن بەشێوەی خواستن بۆ یەکێک لە یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
راپۆرتەکانی ئەم دواییە رۆناڵدۆیان بە چەند یانەیەکەوە بەستووەتەوە، کە پێشتر ئارەزووی واژۆکردنی گرێبەستێکی کورتخایەنیان لەگەڵ کاپتنی پۆرتوگال دەربڕیوە، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی چانسی رکابەریکردن بۆ نازناوەکە یان سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو. 
 
چوار یانەکەی بەرازیلی، هەریەک لە فلامینگۆ، پاڵمێراس، بۆتافۆگۆ و فلومینێنسێ لە پێشەنگی ئەم یانانەدان، لەگەڵ پاچوکا و مۆنتێری مەکسیکی، هەروەها یانەکانی ویدادی مەغریبی، ئەهلی میسری و هیلالی سعودی.
 
پاڵەوانێتییەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 14ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمموزی 2025 بەڕێوەدەچێت و 32 یانە بۆ یەکەمجار لەمێژووی پێشبڕکێکەدا بەشداری دەکەن، بەمەش دەبێتە گەورەترین و هەمەچەشنترین چاپی پێشبڕکێی جامی جیهانی یانەکانی جیهانی.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی عوکاز، کارگێڕیی یانەی هیلال گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەو لایەنەی کە پێشنیازی گرێبەستەکەی کردووە، دوای ئەوەی رۆناڵدۆ رەزامەندی دەربڕی لەسەر هەموو ئەو مەرج و رێسایانەی کە کارگێریی یانەکەی دایانناوە، کە پەیوەندییان بە لایەنی تەکنیکی و بازاڕکردن و داراییەوە هەبووە.
 
لای خۆیەوە رۆژنامەنووس عەبدولڕەحمان ئەباعود رایگەیاند "رۆناڵدۆ لە ماوەیەکی کورتدا دووجار بیرۆکەی رۆیشتنی بۆ هیلال بەشێوەی خواستنی پێشنیاز کردووە، بەڵام بیرۆکەکە رەتکراوەتەوە".
 
رۆژنامەی ئەلیەوم بڵاویکردەوە، کارگێڕیی هیلال مەرجێکی بۆ رازیبوون بەگواستنەوەی رۆناڵدۆ دانابوو، ئەویش گواستنەوەی یاریزانەکەیە بۆ یەک وەرز نەک بەخواستن.
 
هەروەها یانەکە مەرجی ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەبێت رۆناڵدۆ دەستبەرداری بەشێکی ئەو مافانەی بێت کە لە نەسڕ پێیدراون، پێشبینیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ ئەفسانەی پۆرتوگالی بدرێت، ئەگەر بەو مەرجانە رازی بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە