ڤیدیۆ؛ موش سپۆر مێژووی تۆمارکرد و گەیشتە خولی پلە دووی تورکیا

25-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
موش سپۆر
موش سپۆر
نیشانەکردن موش سپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی موش سپۆری باکووری کوردستان، مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و گەیشتە خولی پلە دووی تورکیا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی بالیکەسیرسپۆر بەدەستهێنا.
 
لە یاریی کۆتایی پلەی ئۆفدا لە خولی پلە سێی تورکیا لە ئەدەنە، یانەی موش سپۆر بەرامبەر یانەی بالیکەسیرسپۆر یارییکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
لە خولەکی 35 ستانێلی ئوهاوچی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی باکووری کوردستان تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو گۆڵە لە بەرژەوەندی موش کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی 81 محەممەد دەمیرجی بەکارتی سوور لە یانەی بالیکەسیرسپۆر کرایە دەرەوە، ئەمە هەلێکی گەورەی بۆ موش رەخساند و لە خولەکی 90 یاکوپ ئالکان گۆڵی دووەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
موش سپۆر یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، بەشێوەیەکی فەرمی خۆی گەیاندە خولی پلە دووی تورکیا.
 
دوای بردنەوەی یارییەکە، یاریزانانی یانەی موش سپۆر لە یاریگەدا ئاهەنگیان گێڕا و جامی پاڵەوانێتییەکەیان بەرزکردەوە، لە موشی باکووری کوردستانیش هەزاران هاندەر رژانە سەر شەقامەکان و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕا.
 
ئەمڕۆ شاندی یانەی موش سپۆر دەگەڕێنەوە شارەکەیان، فاتیح جەنگیز، سەرۆکی یانەکە میوانی بوولتەنی وەرزشیی رووداو بوو و گوتی "ئێمە بۆ وەرزی 2024-2025 پلانی ئەوەمان دانابوو بگەینە خولی پلە دوو، بەرنامەیەکی زۆرباشمان دانا، لە رووی دارایی و مانەوییەوە زۆرباشبوو و لە کۆتاییدا سەرکەوتین، پشتبەخوا وەرزی داهاتوو دەگەینە خولی پلە یەک."


 
سەرۆکی یانەی موش سپۆر بە رووداوی گوت "تیپێکی زۆرباشمان هەبوو، خوا رێگەیەک کردبووینەوە، کێشەی وامان نەبوو، راهێنەر و یاریزانەکان کارێکی زۆرباشیان کرد و ئەنجامەکانیان، ئێمە خاوەنی گەنجی بەتوانایان و پشتبەخوا لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا یاریزانی زۆرباش دەردەکەون."
 
فاتیح جەنگیز دەڵێت "ئەمڕۆ ئێوارە دەگەینەوە موش، ئەمڕۆ لەنێو سەنتەری شار ئاهەنگێکمان دەبێت و سبەی لەنێو یاریگەدا ئاهەنگی گەورە لەگەڵ هاندەران دەگێڕین."
 
یانەی موش سپۆر یانەیەکی باکووری کوردستانە، یانەکە لە 2015 دامەزراوە و سەرەتا لە خولە میللییەکان دەستی بە یارییکردن کردووە، پاشان چووەتە خولی پلە سێی تورکیا و وەرزی داهاتوو بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لە خولی پلە دوو یاری دەکات.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە