ئەلڤارێز دەچێتە بارسێلۆنا؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جولیان ئەلڤارێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی یانەی بارسێلۆنایە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، جولیان ئەلڤارێز، لە ماوەی رابردوودا سێجار لەبارەی داهاتووی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید پرسیار لە ئەلڤارێز کراوە، هیچ جارێکیش دەرگای رۆیشتنی لە یانەکە دانەخراوە.
 
پێشتر یاریزانەکە لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو، ئاگاداری ئەو دەنگۆیانەیە کە لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە و لە ئیسپانیا زۆر باس لە پەیوەندیکردنم بە بارسێلۆناوە دەکرێت. کە گرێبەستم لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید واژۆکرد، زۆر باس لە پاریس سانجێرمانیش دەکرا، ئێستا من تەواو سەرنجم لەسەر ئاتلێتیکۆ مەریدە و دەبینین لە کۆتایی وەرزدا چی روودەدات.
 
جگە لەوەش جارێکی دیکە پرسیاری لەبارەی داهاتووە لێکرا و دوای بردنەوەیان لە تۆتێنهام گوتی "نازانم، رەنگە بەڵێ و رەنگە نەخێر، کەس نازانێت چی روودەدات، من لێرە دڵخۆشم و رۆژ بە رۆژ بیردەکەمەوە و کار بۆ پەرەپێدانی خۆم و بەخشینی هەموو ئەو توانایەی کە هەمە".
 
بەر لە یارییەکەی ئەمشەویان لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ، جولیان ئەلڤارێز دەڵێت "هەوڵ دەدەم گرنگییەکی زۆر بەو بابەتە نەدەم، چونکە هەموو هەفتەیەک شتی نوێ و زانیاری جیاواز دەردەکەون، وزەی خۆم بەو شتانەوە بەفیڕۆ نادەم، بەڵکو سەرنجم لەسەر ئەوەیە کە دەیکەین. ئەمە گرنگترین قۆناخی وەرزەکەیە و دەمەوێت لە باشترین ئاستدا بم بۆ هاوکاریکردنی تیپەکە و بەدەستهێنانی شتی گەورە لێرە".
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بەر لە یاریی بەرامبەر ئارسیناڵ گوتی "نازانم لە مێشکی ئەودا چی دەگوزەرێت، بەڵام کارێکی ئاساییە کە یانەکانی وەک ئارسیناڵ، پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا بیانەوێت یاریزانێکی ناوازەی وەک ئەو بگوازنەوە. ئەو یاریزانێکی زۆر باشە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە یانەی بارسێلۆنا گرنگییەکی زۆر بە تواناکانی جولیان ئەلڤارێز دەدات و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
ئەلڤارێز، تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید لە 2030 تەواو دەبێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە