رۆناڵدۆ بەهۆی مێسییەوە لە فیفا و سەرۆکەکەی تووڕەیە

25-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جیانی ئینفانتینۆ لیۆنیل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی تووڕە کرد، دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە تەمەن 40 ساڵییە لە جامی جیهانی یانەکاندا.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 15ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمموز میوانداریی جامی جیهانی یانەکان دەکات و 32 یانە بەشداری تێدەکەن.
 
لە دیدارێکدا لەگەڵ سپیدی یوتوبەری بەنێوبانگ، ئینفانتینۆ رایگەیاند، دانوستاندن لەئارادایە بۆ بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە جامی جیهانی یانەکاندا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک، نوێنەرانی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە زۆر تووڕەن بەهۆی لێدوانەکانی ئینفانتینۆ، چونکە لەکاتێکدان کە گفتوگۆکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی سعودییەکە لەئارادان.
 
ماوەی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ لەکۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، یانە سعودییەکە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا ناکات.
 
نوێنەرانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئێستا دانوستاندنەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆناڵدۆ بەردەوامن، تاوەکو ئێستاش هیچ پلانێک نییە بۆ ئەوەی بەخواستن روو لە هیچ تیپێک بکات لە کاتی جامی جیهانی یانەکاندا.
 
بەپێی رۆژنامەکە، لێدوانەکانی ئینفانتینۆ نوێنەرانی رۆناڵدۆی تووڕە کرد، چونکە لەوانەیە کاریگەری لەسەر دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ نەسڕ هەبێت.
 
ناوی رۆناڵدۆ ئێستا پەیوەندی بەچەند یانەیەکەوە هەیە کە ئارەزوویان هەیە بەشێوەی خواستن بیگوازنەوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، دیارترینیان ویدادی مەغریبی و بۆتافۆگۆی بەرازیلی و مۆنتێری مەکسیکن.
 
یاسا و رێساکانی مۆندیال رێگە بە یاریزانێک دەدات بۆ ماوەیەکی کاتی تەنیا لە کاتی جامی جیهانی یانەکاندا بگوازرێتەوە.
 
تەنیا لێدوانەکانی سەرۆکی فیفا نا، بەڵکو بەگشتی 5 هۆکار هەن وایانکردووە گرژی لەنێوان رۆناڵدۆ و ئینفانتینۆدا دروست بێت:
 
1 ـ لێدوان دەربارەی داهاتووی رۆناڵدۆ
 
یەکێک لەو رووداوانەی کە رۆناڵدۆ و دەوروبەرەکەی تووڕە کرد، لێدوانەکانی ئینفانتینۆ بوو سەبارەت بە گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە و ئەگەری گواستنەوەی بۆ تیپێک کە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا بکات.
 
هەندێک پێیانوایە ئەو جۆرە لێدوانانە لە کاتێکی هەستیاردا بۆ رۆناڵدۆ، کە بیر لە بژاردەکانی دەکاتەوە، لەوانەش نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی،  دەکرێت زیان بە دانوستاندنەکانی لەگەڵ نەسڕ یان هەر یانەیەکی دیکە بگەیێنن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستیاری دۆخەکە و کاتە ناگونجاوەکە، کە دەکرێت وەک دەستوەردان یان هەوڵێک بۆ ئاراستەکردنی پیشەکەی لێکبدرێتەوە.
 
2 - مامەڵەیەکی جیاواز بۆ مێسی لە جامی جیهانی یانەکاندا
 
باس لەوەش کراوە کە بانگهێشتنامەیەکی تایبەت یان ئاسانکاریکردن بۆ یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرپەرشتی لیۆنێل مێسی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، یەکێکە لەو هۆکارانەی وەیان لە رۆناڵدۆ کردووە لە فیفا و سەرۆکەکەی تووڕە بێت.
 
لەکاتێکدا کە یانەکانی جیهان لەڕێگەی پڕۆسەی ئاڵۆزەوە هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکە، هەر ئاماژەیەک بۆ مامەڵەکردنێکی تایبەت لەگەڵ تیپەکەی مێسی سووتەمەنی زیاتر دەکات بۆ ئاگری تۆمەتەکانی لایەنگری بەرامبەر ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەلایەن فیفاوە، ئەمەش شتێکە کە پێدەچێت رۆناڵدۆی زۆر تووڕە کردبێت.
 
3 - "مێسی کوڕە بەنازەکەی فیفایە"
 
مۆندیالی 2022 گۆڕەپانی مشتومڕێکی بەرفراوان بوو، کە هەندێک کەس پێیانوابوو فیفا حەزی لەوە بووە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەهۆی لیۆنێل مێسییەوە ببێتە پاڵەوانی جیهان.
 
دەستەواژەی "مێسی کوڕە بەنازەکەی فیفایە" بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر رۆناڵوۆ و هەوادارانییەوە هەیە و هەست بەوە دەکەن کە لە فیفادا رەوتێک هەیە مەیلی  مێسی هەیە؛ کە بێگومان ئەمە رۆناڵدۆی ناڕەحەت کردووە.
 
4 - دوورخستنەوەی رۆناڵدۆ لە پێکهاتەی ساڵ
 
هەرچەندە یاریزانە پیشەگەرەکانی جیهان پێکهاتەی ساڵ هەڵدەبژێرن، بەڵام دەرکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یەکەمجار لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە لیستەکەدا لە 2022 هاوکات بوو لەگەڵ وەرگرتنی سەرۆکایەتی فیفا لەلایەن ئینفانتینۆوە.
 
ئەم دوورخستنەوەیە، هەرچەندە بڕیارێکی راستەوخۆی فیفا نەبوو، بەڵام لەسەردەمی ئینفانتینۆدا روویدا و وەک پێشینەیەک لە کاروانی وەرزشیی بەنێوبانگی دۆندا پەیوەندی بەوەوە هەبوو. بۆ یاریزانێکی بەقەبارەی رۆناڵدۆ ئەم بێبایەخکردنە وەک لێدانێکی کوشندەبوو لە رووخساریدا، لەوانەیە بەوەش لێکبدرێتەوە کە ئەو دوورخستنەوەیە ئاماژەیەک بێت بۆ دابەزینی پێگەی رۆناڵدۆ لە هەژمارە فەرمییە جیهانییەکاندا.
 
5 - زە بێستی 2018 
 
لە ساڵی 2018 کاتێک لۆکا مۆدریچ خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین یاریزانی فیفای بەدەستهێنا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەنەبوو. 
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەوکاتە ئاماژەیان بەوە کرد کە جیانی ئینفانتینۆ ناڕەزایی خۆی لە ئامادەنەبوونی رۆناڵدۆ دەربڕیوە.
 
ئەوەی جێگەیی مشتومڕ بوو، مێسیش لەهەمان رێوڕەسمدا بەشداری نەکرد، کەچی سەرۆکی فیفا هەمان ئاستی ناڕەزایی خۆی نیشان نەدا لەسەر ئامادەنەبوونی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە.
 
ئەم مامەڵە گوماناوییە، گومانی ئەوەی زیاتر کردووە کە رۆناڵدۆ لەلایەن فیفاوە کەم بایەخی پێدەدرێت.
 
ئەم هەڵوێستانە چ دەرئەنجامی تێنەگەیشتنێک بێت یان رەنگدانەوەی رەوتێکی دیاریکراوی ناو فیفا بێت، بێگومان بەشداربووە لە پێکهێنانی وێنەیەکی ئاڵۆز لە پەیوەندی نێوان یەکێک لە ئەفسانەی هەرە دیارەکانی تۆپی پێ و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری جیهانی یارییەکە، دەرگای بەکراوەیی هێشتەوە بۆ قسەکردن لەسەر قوڵایی ئەم "تووڕەییە بێدەنگە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە