رووداو دیجیتاڵ
دەرکەوت کە پێشتر کەریم بنزیما بۆچی لەو خانمە ئەمریکییە جیابووەتەوە، کەلەبەر خاتری ئەو بووبووە موسڵمان.
بنزیما لەدەرەوەی نمایشە سەرنجڕاکێشەکانی لە یاریگادا، لەچەند کاژێری رابردوودا پرسیاری زۆری لەنێو هەوادارانیدا ورووژاندووە، دوای ئەوەی لەگەڵ لینا خوزری، ئەکتەری فەرەنسی لەدایکبووی جەزائیر لە فێستیڤاڵی فیلمی کان دەرکەوت.
دەرکەوتنی بنزیما لەگەڵ لینا خوزری وەک راگەیاندنێکی فەرمی بوو بۆ پەیوەندی نێوانیان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئەو ئەستێرە فەرەنسییە پەیوەندی لەگەڵ خانمە مۆدێلی ئەمریکی جۆردن ئۆزونا هەبوو.
ئەو دەرکەوتنەی کەریم لەگەڵ لینا ئەو راستییەی دەرخست کە جیابوونەوەی لە ئۆزۆنا بەهۆی دانانی پەیوەندی بووە لەگەڵ لینا.
ئۆزونا پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا لەگەڵ ئەو ئەستێرە فەرەنسییە دەرکەوتبوو، پێش ئەوەی کاپتنی یانەی ئیتیحادی سعودیە لەناکاو لێی جیاببێتەوە.
جۆردن ئۆزونا کێیە؟
ئەو خانمە مۆدێلە ئەمریکییە پەیوەندی لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییە دروستکردووە، دوای ئەوەی لەماوەی یاریکردنی لە یانەی ریال مەدرید لە چەند بۆنەیەکدا لەگەڵیدا دەرکەوتووە.
ئۆزونا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئێل موندۆی فەرەنسی، گوتی "من زۆر شت لەبارەی تۆپی پێ نازانم، هەروەها نەمدەزانی بنزیما ئەستێرەیەکی هێندە گەورەیە لە یارییەکەدا کاتێک پەیوەندیم لەگەڵ دانا".
ئاماژەی بەوەشکردووە "لەو کاتەوەی کە ناسیومە هەستم کردووە جیاوازە و پیاوێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، پیاوێکی زۆر باشە، بێگومان ئەو باشترین هاوڕێمە".
ئەو خانمە مۆدێلە ئەمریکییە تەمەن 34 ساڵە دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە رووی لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کرد.
موسڵمان بوون
ئۆزونا لەساڵی 2022 موسڵمان بوو، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید.
ئۆزونا دووپاتیکردەوە کە دوای چوونی بۆ مزگەوتێکی شاری مەدرید و گوێگرتن لە قورئانی پیرۆز موسڵمان بووە. روونیشیکردەوە، وەک منداڵێک دەگریا و بە قوڵی بەو ئەزموونە کاریگەری لەسەر بووە، کە ئەمەش سۆزداری بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد "تەنیا بەدڵم بڕیارم نەداوە، بەڵکو زۆرم لەسەر ئایینی ئیسلام خوێندووەتەوە و بەجوانیم زانیوە و هەموو ئەو شتانەی لەسەری خوێندوومنەتەوە کاریگەرییان لەسەر من هەبووە".
لەدرێژەی قسەکانیدا ئۆزۆنا گوتی "لە مانگی تەمەزاندا قورئانی پیرۆزم خوێندەوە و وای لێکردم بگریم، هەروەها کتێبێکم خوێندەوە بەناوی 'رێگای پیرۆز بۆ ئیسلام' کە چیرۆکی موسڵمانێکی نوێ دەگێڕێتەوە و دڵی منی گرتەوە".
دوای پەیوەندییە چڕەکەی ئۆزونا و بنزیما، ئەو دووانە جیابوونەوە، ئەستێرە فەرەنسییەکە لە سۆشیال میدیادا خۆشەویستە ئەمریکییەکەی بلۆککرد.
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی وەرزێکی خەیاڵی بەسەربرد و سەرکردایەتی یانەی ئیتیحادی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی سعودیە.
هێرشبەری پێشووی یانەی ریال مەدرید یەکەم نازناوی لەدەرەوەی لۆس بلانکۆس بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە هاوینی 2023 یانەکەی جێهێشت.
بنزیمای تەمەن 37 ساڵ ئەم وەرزە 23 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 ئەسیستیشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ