رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، پەیامێکی ئاراستەی ستیفانۆ پیۆلی ئیتاڵی کرد، دوای ئەوەی بەفەرمی رۆیشتنی لە راهێنەرایەتیی نەسڕ راگەیێنرا.
یانەی نەسڕ بەفەرمی دەستبەرداربوونی لە راهێنەرە ئیتاڵییەکەی، ستیفانۆ پیۆلی راگەیاند.
یانەکە لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی "یانەی نەسڕ بەفەرمی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ راهێنەری یەکەمی یانەکە، ستێفانۆ پیۆلی رادەگەیێنێت و سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی کە خۆی و ستافەکەی لەگەڵ نەسڕدا داویانە، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت".
نەسڕ لەمانگی ئەیلوولی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ پیۆلی واژۆکرد، تاوەکو شوێنی لویس کاسترۆی پۆرتوگالی بگرێتەوە.
یانە سعودییەکە لەو کاتەدا وردەکاریی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئاشکرا نەکرد کە یانەی میلانی گەیاندە نازناوی خولی ئیتاڵی لەوەرزی 2021-2022، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە گرێبەستی پیۆلیی تەمەن 59 ساڵ بۆ ماوەی دوو وەرز دەبێت.
ئەمە یەکەم ئەزموونی پیۆلی بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پێشتر راهێنەرایەتیی یانەکانی لازیۆ، ئینتەر و فیۆرێنتینای کردبوو.
جیابوونەوەی نەسڕ و پیۆلی دوای ئەوە هات کە نەسڕ لە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بژاردە کرایە دەرەوە و پلەی سێیەمی لە خولی سعودیدا بەدەستهێنا، کە وایکرد یانەکە وەرزی داهاتوو بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای 2 بکات.
رۆناڵدۆ لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام، ئەو وێنەیەکی خۆی و پیۆلی بڵاوکردەوە کە یانەی نەسڕ بۆ راگەیاندنی ڕۆیشتنی راهێنەرەکە دای نابوو، و لەسەری نووسیبووی "سوپاس بۆ هەموو شتێک"، وەک رێزێکی نایاب لەلایەن ئەفسانەکەوە بۆ راهێنەری پێشووی.
چاوەڕوان دەکرێت یانەی فیۆرێنتینا گرێبەستی لەگەڵ پیۆلی رابگەیێنێت، دوای ئەوەی چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی ئاشکرایانکرد کە یانە ئیتاڵییەکە لەگەڵیدا گەیشتووەتە رێککەوتن.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە گرێبەستی ستێفانۆ لەگەڵ فیۆرێنتینا لە مانگی تەممووزی داهاتووەوە دەست پێدەکات و تاوەکو ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.
پیۆلی لەگەڵ نەسڕ وەرزی رابردووی بە 28 بردنەوە کۆتاییپێهێنا، 7 یاری یەکسان بوو و لە 9 یاریشدا تووشی شکست بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ