وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پەخشی نایاسایی بین سپۆرتیان راگرت

25-11-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن بین سپۆرت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پەخشی بین سپۆرت لە کەناڵە لۆکاڵییەکان قەدەخەبکات.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بڕیاری راگرتنی ئەو کەناڵانەی دا کە بەبێ مۆڵەت و بەشێوەیەکی ئۆنڵیان پەخشی بین سپۆرت دەکەن و دەقی بڕیارەکە بەوشێوەیە بوو "بڕیارێک لە بارەی کەناڵەکانی (BEIN SPORTS ) بۆ کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت.
بەمەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەردەکات.
لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن  لە رێکەوتی  (17/11/2025) بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت ئاگادار دەکاتەوە بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی ( بین سپۆرت ) کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵی ناوخۆییەکان بەنا یاسایی بەشێوازی( IPTV )  پەخش دەکرێن ، 
بەمەش بۆ رێگرتن لەو سەرپێچیە نا یاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکرنەوە ، وەزارەتمان  رێگری دەکات وە پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت رایانبگرن . 
هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی
دامەزراوەی ( BEIN SPORTS ) بکات پێویستە لەرێگای بریکاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت لە بەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
ئەو بڕیارە کاردانەوەی زۆری هەبوو، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری بینەرانی وەرزش لە کوردستان لەڕێگەی ئەو کەناڵە لۆکاڵییانەوە سەیری یارییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، لەو بارەیەوە دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەڕێگەی رووداوەوە پەیامێکی بۆ کەناڵە لۆکاڵییەکان نارد و گوتی "ئەو کەناڵ و لایەنانەی بیانەوێت لەڕێگەی ئینتەرنێتی کوردستانەوە پەخشی کەناڵێک بکەن بەبێ رەزامەندی کەناڵەکە، لەڕووی یاساییە رێگرییان لێدەکەین و داوامان لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە ئەو ئایپی تیڤییانە رابگرن بۆ ئەوەی چیدیکە بەبێ مۆڵەت پەخشی بین سپۆرتس نەکەن"
 
دەربارەی ئەوەی کە بین سپۆرتس داوای راگرتنی ئەو کەناڵانەی کردووە گوتی، بەدڵنیاییەوە ئەوان پێشتر داوایان کردبوو و وەزارەت پێداچوونەوەی بە مۆڵەتی کەناڵە لۆکاڵییەکان کرد و لە ماوەی یەک مانگ پەخشەکانیان رابگیرێن.
 
راشیگەیاند، ئەگەر ئەو کەناڵانە بیانەوێت پەخشی بین سپۆرتس بکەن، پێویستە مۆڵەت لە کەناڵەکە وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە