سکانداڵێکی دیکە تۆپی پێی تورکیا دەهەژێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەعدەتین ساران، سەرۆکی یانەی فێنارباخچە
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی فێنارباخچەی تورکی، سکانداڵێکی گەورەی لەسەر ئاشکرابوو و بەو هۆیەوە دەستگیرکرا.
 
راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، سەعدەتین ساران، ئەمە جاری دووەمە دەستگیردەکرێت، دوای ئەوەی رۆژی هەینیی رابردوو گەڕایەوە تورکیا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، دەستگیرکرا و پاشان ئازادکرا، بەڵام رۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە دەستگیرکرا.
 
پەیامنێری رووداو زیاتر دەڵێت "ئەمڕۆ سەرۆکی یانەکە بردراوەتە بەردەم دادگا و بەر لەوەش پشکنینی پزیشکی بۆ کراوە، هۆکاری دەستگیرکردنیشی ئەوەیە کە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر خراوەتە پاڵ سەرۆکی ئەو یانەیە."
 
لە کاتی بردنی سەرۆکی یانەکە بۆ دادگا، ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی یانەکە چوونە بەردەم بارەگای دادگا و هاندەرانی یانەکە دەڵێن، ئەمە شتێکی سیاسییە و بەردەوام بەرامبەر یانەی فێنارباخچە دەکرێت.
 
میدیای تورکیا، سەرۆکی یانەی فێنارباخچەی بەوە تومەتبار کردووە و ماوەیەکی درێژە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە کەسایەتییەکی نێودار و دیار تێوەگلاوە و لە کۆتاییشدا ناوی سەرۆکی یانەی فێنارباخچە راگەیێنرا.
 
ساران کەسایەتییەکی دیاری تورکیایە، خاوەنی کۆمپانیای ساران هۆڵدینگە و سەرۆکی یانەی فێنارباخچەیە، ئەو لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە لەلایەن فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای ئیستەنبوڵەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای تێپەڕاندنی پشکنینە پزیشکییەکان گواستراوەتەوە بۆ دادگای چاغلایان.
دەستگیرکردنی سەرۆکی یانەی فێنارباخچە ئابڕووچوونێکی دیکەی تۆپی پێی تورکیایە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری ناوبژیوان و یاریزان بەهۆی تێوەگلان لە یارییکردن بە ئەنجامی یارییەکانەوە دەستگیرکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە