رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە دۆخی یانەکەی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەکە قسە دەکات و هۆکاری رۆیشتنی درۆ فێرناندێزیش ئاشکرا دەکات.
لاپۆرتا لە لێدوانێکدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەکە دەڵێت "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت هەڵبژاردنەکان لە رۆژی یارییەکدا ئەنجامبدرێن، بەڵام ئەمە بەندە بەوەی ئایا ئێمە 17 یان 18مانگ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا یاریی دەکەین یان نا، ئەگەر 18ـی مانگ بێت، ئەوا گوشار دەخەمە سەر لالیگا بۆ ئەوەی یارییەکەمان بەرامبەر سێڤییا رۆژی 15 مانگ ئەنجامبدرێت."
سەرۆکی بارسا دەڵێت "هەڵبژاردنەکان لە گۆڕەپانی دەرەوە و بە بەکارهێنانی هەموو بۆشاییەکانی بەردەست ئەنجامدەدرێن، نەک لەنێو یاریگە، چونکە یاریگە لە قۆناخی نۆژەنکردنەوەدایە و کارکردن تێیدا بەردەوامە، ئێمە 15ـی ئادارمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی هەموو تیپە پیشەگەرەکان بتوانن پلانی وەرزی داهاتوو دابنێن، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتم، وەکو سەرۆکێکی هەڵبژێردراو مامەڵە دەکەم، هەرکەسێکیش بیباتەوە پێگە و بەرپرسیارەتییەکی دەبێت کە شایەنی بێت."
خوان لاپۆرتا زیاتر قسەی کردووە و گوتی "ئێمە لە دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردندا نین، تاوەکو نیوەی مانگی شوبات بەردەوامدەبین لە بەڕێوەبردنی یانەکە، دواتر دەچینە نێو بانگەشە، ئێمە پڕۆژەی بەردەوامبوون لەسەر ئەم بارودۆخەی ئێستا و باشترکردنی پێشکێش دەکەین."
لەبارەی ئەوەی بنمیچی یاریگەی کامپ لە یاریی ریال ئۆڤیێدۆ دڵۆپی دەکرد، لاپۆرتا گوتی "یاریگەکە لە قۆناخی نۆژەنکردنەوەدایە، هەر شتێک پێویستی بە چاککردن بێت چارەسەری دەکەین، هەموو رۆژێک پێشکەوتنی نوێ دەبینین، نۆژەنکردنەوە لە قۆناخی سێیەمدا زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، هەموو وردەکارییەکانی ناوەوەش بەباشی کاریان بۆ دەکرێت و بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە کارکردن بەردەوامە."
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا باس لە هۆکاری رۆیشتی درۆ فێرناندێز، یاریزانی لاوی یانەکە دەکات و دەڵێت "ئەمە جێگەی سەرسوڕمان بوو، چونکە ئێمە لەسەر چارەسەرێکی دیکە رێککەوتبووین کە دوای ئەوەی تەمەنی دەبووە 18 ساڵ جێبەجێدەکرا، بەڵام لە ناکاو بەڕێوەبەرەکەی پێی راگەیاندین کە ناتوانێت پابەندبێت بەو شتەی رێککەوتنی لەبارەوە کراوە."
لاپۆرتا سەرسامیی خۆی بە گۆڵە جوانەکەی لامین یامال دەربڕی و گوتی "گۆڵەکەی لامین سەرسوڕهێنەر بوو، شاکارێکی هونەری و کارێکی هونەری راستەقینە بوو، تەنیا لەبەر گۆڵی لەو شێوەیە شایەنی ئەوەیە ئامادەی بینینی یارییەکانی ببیت، لامین زۆر چێژی لە تۆمارکردنی گۆڵەکە بینی، چونکە گوزارشت لەوە دەکات کە ئەو یاریزانێکی دەگمەنە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ