ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ بە هاتریکێک یاری بە ژمارەکان دەکات

26-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، بە تۆمارکردنی هاتریکێک سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە لە یانەی زەمک بە 3-0 و یاری بە ژمارەکانی خولی سعودیە دەکات.
 
رۆناڵدۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی خولی سعودیە بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت، سێ گۆڵی بەدوای یەکدا بۆ یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکە بە سێ گۆڵ و سێ خاڵ بۆ نەسڕ کۆتاییهات، لەکاتێکدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یارییان دەکرد.
 
رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی هاتریک لە یارییەکەدا، لە خولی سعودیەدا بووە خاوەنی 8 گۆڵ، لە دوایین 10 گۆڵی یانەکەدا بەشداربووە، 8 گۆڵ و 2 ئاسیستی هەیە، بەمەش ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ فیراس بریکان، هێرشبەری یانەی فەتح یەکسانکردەوە، عەبدولرەزاق حەمداللە 3 گۆڵ لێیەوە دوورە و 4 گۆڵیش لە دواوەی کارلۆ جونیۆری بەرازیلییە.
 
گۆڵکاری خولی سعودیە ئاندێرسۆن تالیسکایە بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ، کە ئێستا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات.
 
رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی هاتریکەکەی شەوی شەممە دووەم هاتریکی لە خولی سعودیەدا تۆمارکرد، بەمەش رۆناڵدۆ و تالیسکا بەیەکەوە نزیکەی 60٪ـی گۆڵەکانی ئەم وەرزەی یانەی نەسڕیان لە خولەکەدا تۆمارکردووە، کە بەشێوەیەکی گشتی نەسڕ 39 گۆڵی لەم وەرزەی خولەکەدا تۆمارکردووە.
 
کریستیانۆ لە دوای یارییەکە پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و گوتی " شەوێکی تایبەت، ئافەرین کوڕینە."
 
دوای ئەوەش لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی یارییەکە پێشاندا و گوتی " زۆر دڵخۆشم بە ژمارەکانم لێرە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە تیپەکە بەدەستیدەهێنێت، ئێمە زۆر کاردەکەین بۆ ئەوە."
 
رۆناڵدۆ زیاتر گوتی " من زیاتر خۆم لەگەڵ تیپەکە گونجاندووە، ئەمە جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، ئێستا زیاتر لە رۆڵی هاوڕێکانم تێدەگەم و هەنگاو بە هەنگاو دەگەینە بەرزترین ئاست."
 
یانەی نەسڕ لەم وەرزەی خولی سعودیەدا، لە 18 یارییدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و ئێستا بە 43 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی خولی سعودیەی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە