گاتوزۆ: بەڵێنبێت ریمۆنتادایەکی دیکە بەسەر بارسادا بکەین

26-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جینارۆ گاتۆزۆ یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

جینارۆ گاتۆزۆ، راهێنەری یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، بەڵێن بە سەرۆکی یانەکەی دەدات ریمۆنتادا بەسەر بارسێلۆنادا بکات و لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەریبکات.

بەر لەوەی بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، چامپیۆنزلیگ رابگیرێت، لە یاری چوونی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ناپۆلی ئیتاڵی لەسەر یاریگەی ئەمەی دوایی بە گۆڵێک یەکسانبوونە و چاوەڕێی یاری گەڕانەوەن، کە هێشتا یوفا بڕیاری دەستپێکردنەوەی یارییەکانی نەداوە.

وەک رۆژنامەکانی ئیتاڵیا باسی دەکەن، ئۆرێلیۆ دی لۆرانتێسی خاوەن و سەرۆکی یانەی ناپۆلی، ئاهەنگی 71ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی خۆی گێڕاوە و بەو هۆیەوە چەندین نامەی پیرۆزبایی بۆ چووە، کە دەڵێن "یەکێکیان پیرۆزبایی گاتوزۆ بووە".

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئۆرێلیۆ چەندین دیاری بۆ چووە، بەڵام ئەو چاوەڕێی دیارییە بەنرخەکەی گاتوزۆوە، کە لە نامەی پیرۆزبایی خۆیدا بەڵێنێکی بە سەرۆک داوە".

ئەو سەرەچاوانە سەبارەت بە بەڵێنەکەی گاتوزۆ، دەڵێن "گاتوزۆ لە نامەکەیدا بەڵێنی داوە لە یاری گەڕانەوەدا یادگارییەکی شینپۆش تۆماربکات کە هەتا هەتایە لەبیر نەکرێت". هەروەها دەڵێن "گاتوزۆ بۆ ئۆرێلیۆی نووسیوە، بەڵێنبێت ریمۆنتادایەکی دیکە بەسەر بارسادا بکەین".

لە دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا، بارسا بە ریمۆنتادا لە پاڵەوانێتییەکە دەرکراوە، جارێکیان یانەی رۆمای ئیتاڵی بەسەریدا کردی و دووەمجاریش لیڤەرپوولی ئینگلیزی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە