ئامۆریم: یونایتد دەگەڕێنینەوە سەردەمی زێڕینی خۆی

26-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رۆبین ئامۆریم یانەی مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆبین ئامۆریم، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەڵێنی باشکردنی تیپەکەی و گێڕانەوەی بۆ سەردەمی زێڕینی خۆیدا، ئەو گوتی، رۆژە باشەکان بەڕێوەن.
 
مانچێستەر یونایتد وەرزی ئەمساڵی بەخراپترین شێواز کۆتایی پێهێنا. وێڕای بردنەوەی لە ئاستۆن ڤێلا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، بەڵام پلەی 15ی ریزبەندی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا. لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگیش بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە تۆتێنهام دۆڕا.
 
ئامۆریم دوای دوایین یاریی یانەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا قسەی بۆ هاندەرانی تیپەکەی کرد و گوتی، "داوای لێبوردن دەکەم بەرامبەر وەرزە خراپەکەی ئەمساڵمان، دەزانم ئێوە لە من و لە تیپەکەش بێئومێدن".
 
زیاتر گوتی، دەمەوێت سوپاستان بکەم و پێزانینمان بۆ پشتگیریتان بەدرێژایی وەرز هەیە، ئەگەرچی ئێمە زۆر خراپ بووین.
 
را‌هێنەری یونایتد زیاتر دەڵێ، "لە زۆر یارییدا، ساتی زۆر زەحمەتمان هەبوو، بەڵام ئێستا دەبێ بڕیار بدەین، یان هەڵواسراو لە رابردوودا دەمێنینەوە، لەبەرئەوەی ئەم وەرزە بووە رابردوو، یان دەجەنگین لەپێناو یەکدیدا و یەکگرتوو دەبین بۆ چوونە پێشەوە".
 
ئامۆریم دەڵێ، "بەرلە شەش مانگ، لە یەکەم سێ یاریمدا وەک راهێنەری یانەکە، دوو سەرکەوتن و یەکسانبوونێکمان بەدەستهێنا، ئەوکات گوتم زریانەکە بەڕێگاوەیە، ئەمڕۆ دوای ئەو وەرزە کارەساتاوییە، دەمەوێت پێتان بڵێم، رۆژانی زۆر باش لە رێگان".
 
ئەو هەروەها گوتی، "ئەگەر یانەیەک هەبێت توانای تێپەڕاندنی هەر کارەسات و تەنگژەیەکی هەبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە یانەکەی ئێمەیە، مانچێستەر یونایتد".
 
مانچێستەر یونایتد وەرزێکی دراماتیکیی زۆر خراپی هەبوو، یارییەکە خاوەنی یەکێک خراپترین هێڵەکانی هێرشبەری پرێمەرلیگ بوو.
 
سەرچاوەکان هاوڕان لەسەرئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا، یونایتد گۆڕانکاریی زۆر لە پێکهاتەکەیدا دەکات و ژمارەیەکی زۆری یاریزان دەفرۆشێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە