رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ئیتیحادی سعودی خۆی خستە نێو کێشەیەکی گەورەوە و ئەگەری زۆر هەیە دەرئەنجامەکانی ئەو هەنگاوەی مەترسیداربن و بە دەرکردنی لە یانەکە تەواو ببێت.
گەورەترین هەڵەی بنزیما لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعودی بە هەنگاوێکی کتوپڕ و بێبەرنامە دەستیپێکرد و ئەستێرەی فەرەنسی خۆی خستە نێو دڵی گێژاوێکی هەڵبژاردنەوە کە لەوانەیە سەقامگیری و داهاتووی لەگەڵ یانەی ئیتیحاد بخاتە مەترسییەوە.
لە راگەیاندنێکی ئاشکرادا، بنزیما پشتیوانی تەواوی خۆی پێشکێش بە ئەنمار حائیلی کرد لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە، ئەمەش هەنگاوێکە کە مەترسییەکانی لە هەر سوودێکی چاوەڕوانکراو زیاترە و دەیخاتە رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ توێژێکی فراوانی هاندەران و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئیتیحاد.
گورزێک بۆ فەهد سندی.. بۆچی بنزیما پشتیوانی خۆی بۆ ئەنمار راگەیاند؟
رەفتارەکەی بنزیما تەنیا رایەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو زۆر کەس بەدەستێوەردانێکی ئاشکرا لە بابەتێکی کارگێڕی دەزانن کە پەیوەندی پێوە نییە و پێیانوایە ئەو هەنگاوەی کەریم تێپەڕاندنی سنوورەکانی رۆڵی خۆی بوو وەک یاریزان و کاپتنی تیپەکە.
چیرۆکی پشتیوانیکردنی لە حائیلی بەئاسانی تێناپەڕێت، چونکە ئەو هێرشەی کە راستەوخۆ دوای راگەیاندنەکەی کرایە سەری، پێشبینیکراو بوو و پاساوی خۆی هەبوو.
بنزیما خۆی خستووەتە پێگەی "تۆمەتبار" کە دەبێت پاساو بۆ لایەنگرییەکەی بهێنێتەوە، ئەمەش پرسیاری جددی دروست دەکات دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەکەی لەگەڵ یانەکە و پێکهاتەکانی.
داهاتووی لە مەترسیدایە
کێشە گەورەکە لەوەدایە کە بنزیما چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی پاڵێوراوێکەوە لە هەڵبژاردنێکی پڕ گۆڕانکاریدا بەستووەتەوە. ئەی ئەگەر حائیلی لە کاتی بردنەوەیدا لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبوو؟ ئەو کاتە کێ بەرپرسیارێتی ئەم هەڵبژاردنە لەبەردەم هاندەرە تووڕەکاندا هەڵدەگرێت؟ بێگومان، بنزیما دەبێتە ئەو کەسەی سەرزەنشت دەکرێت و وەک هاوبەشێک لەهەر شکستێکی داهاتوودا سەیردەکرێت و لە سەرکردەیەکی ئیلهامبەخشەوە دەگۆڕێت بۆ هۆکاری قەیرانەکە.
سیناریۆی دووەم مەترسییەکەی هیچی لەوەی یەکەم کەمتر نییە، ئەی ئەگەر حائیلی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو نەبوو؟ هەڵوێستی کارگێڕییە نوێیەکە، کە پشتیوانی ئەوی بەدەست نەهێناوە، چۆن دەبێت بەرامبەر ئەو یاریزانەی کە وەفاداری خۆی بۆ رکابەرەکەی راگەیاندووە؟ ئایا مانەوەی شتێکی پەسەند و خوازراو دەبێت؟ زۆرینەی ئەگەرەکان ئەوەیە کە پەیوەندییەکە گرژی تێدەکەوێت و لەوانەیە بنزیما خۆی لە لیستی رۆیشتووەکان یان دەرکراوەکاندا ببینێتەوە، یان لانیکەم لە کەشێکی نائارامدا بژیت کە بێگومان کاریگەری لەسەر ئاستی لە یاریگادا دەبێت.
مەترسییەکە تەنیا لە پەیوەندی بنزیما لەگەڵ کارگێڕی یان هاندەراندا ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ گرنگترین شوێن لە جیهانی تۆپی پێدا، کە ژووری جلگۆڕینە.
بنزیما بەپشتیوانیکردنی لە حائیلی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دژایەتی کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئیتیحادی کرد کە پشتیوانی لە پاڵێوراوی دووەم، فەهد سندی دەکەن. ئەی ئەگەر یاریزانێکی دیکەی تیپەکە بێت و پشتیوانی خۆی بۆ سندی رابگەیێنێت؟ پەیوەندی نێوان "کاپتن" بنزیما و ئەم یاریزانە چۆن دەبێت؟
ئەم رەفتارەی بنزیما دەرگا بۆ دابەشبوونێکی گەورە لەناو تیپەکەدا دەکاتەوە و ژینگەیەکی کوتلەکاری دروست دەکات کە دوورترین شتە لە رۆحی وەرزشی و یەکڕیزی تیپەکەوە.
لە کۆتاییدا وا دەردەکەوێت کە کەریم بنزیما هەڵەیەکی کوشندەی کردووە لە هەڵسەنگاندنی کاریگەریی هەنگاوەکەیدا. خۆی تووشی شەڕێک کرد کە لایەن نەبوو تێیدا و جەماوەریەتی و داهاتووی پیشەگەری خۆی خستە سەر مێزی قوماری هەڵبژاردن.
ئەنمار حائیلی بباتەوە یان بدۆڕێت، بنزیما بەکردەوە بەشێک لە وێنەی خۆی وەک سەرکردەیەکی بەئەزموون دۆڕاند، کە دەبێت چاوی لەسەر بەرژەوەندی تیپەکە بێت لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ئەمەش دۆڕانێکە کە لەوانەیە دەرئەنجامەکانی مەترسیدارتر بن لەوەی بیری لێدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ