قەیرانی بنزیما و ئیتیحاد گەیشتە لووتکە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما یانەی ئیتیحاد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

قەیرانی نێوان کەریم بنزیما، ئەستێرە و کاپتنی فەرەنسیی یانەی ئیتیحادی سعودی و کارگێڕیی یانەکە قووڵتر دەبێتەوە. تەمومژێکی زۆر دەوری داهاتووی بنزیمای داوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەکە گەیشتووەتە بنبەست، ئەمەش یانەکەی خستووەتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە پێش یارییەکانی داهاتوو.
 
بێن جەیکۆبس، رۆژنامەڤانی بەریتانی لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە، بنزیما جارێکی دیکە داوای کردووە لە لیستی یاریزانانی یانەی ئیتیحاد بۆ یارییەکەی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر یانەی نەجمە دووربخرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە راهێنانە بەکۆمەڵەکانی تیپەکەدا بەشداری کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەڤانە، بنزیما بە کارگێڕیی یانەکەی راگەیاندووە کە ئامادە نییە بۆ یاریکردن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکان بەهۆی شکستی دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گەیشتووەتە لووتکە. ئەم دۆخە سێرجیۆ کۆنسیساوی راهێنەری پۆرتوگالی خستووەتە دۆخێکی سەخت و چاوەڕواننەکراوەوە.
 
سەرەتای کێشەکان بۆ یارییەکەی ئیتیحاد بەرامبەر فەتح دەگەڕێتەوە کە بە یەکسانبوون  2-2 کۆتاییهات و بنزیما لە لیستەکە دوورخرایەوە، ئەوکات دەنگۆیەکی زۆر لەسەر پابەندنەبوونی ئەو یاریزانە بە یانەکەیەوە دروست بوو.
 
لەلایەکی دیکەوە، ساشا تاڤۆلێری رۆژنامەڤانی بڕواپێکراو، باسی دوایین پێشهاتەکانی چیرۆکی کەریم بنزیما لەگەڵ یانەی ئیتیحاد دەکات و  ئاشکرای کردووە کە ئەگەری رۆیشتنی بنزیما زۆر بەهێزە و لەوانەیە پێش کۆتاییهاتنی وەرزی گواستنەوەی هاوینە یانەیەکی نوێ بدۆزێتەوە. 
 
تاڤۆلیێری دەڵێت "بنزیما هەست دەکات چیدی لەناو ئیتیحاددا پێشوازی لێناکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکە پێشنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ کردووە بەمەرجێک تەنیا پارەی (مافی وێنە)ـی پێبدەن و هیچ مووچەیەکی نوێی بۆ زیاد نەکەن، بنزیما ئەمەی وەک کەمکردنەوە لە پێگەی خۆی بینیوە".
 
زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەستێرە فەرەنسییەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی جێگیردا بێت، بەتایبەت کە چاوی لەوەیە بەشداری لە مۆندیالی داهاتوودا بکات.
 
ئیتیحاد لەڕووی هێرشبەرییەوە لە دۆخێکی خراپدایە، چونکە جگە لە کێشەکەی بنزیما، ساڵح شەهریی هێرشبەریش تووشی پێکان بووە. بۆیە سێرجیۆ کۆنسیساوی راهێنەر داوای لە کارگێڕیی یانەکە کردووە هێرشبەرێک و بەرگریکارێکی نوێ بگوازنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارگێڕیی یانەکە هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە.
 
ئیتیحاد ئێستا لە دۆخی نائاساییدایە؛ داهاتووی بنزیما بە ناڕوونی ماوەتەوە و ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەقامگیری و ئاستی تیپەکە دەبێت لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی وەرزدا.
 
بەقسەی ساشا تاڤۆلێری "لەوانەیە کەریم بنزیما لە مانگی کانوونی دووەم و پێش داخستنی دەرگای گواستنەوەی زستانە یانەی ئیتیحاد جێبهێڵێت. لەوانەیە بنزیما یانەیەکی نوێ بدۆزێتەوە بۆ درێژەدان بە کاروانەکەی، کە خولی فەرەنسا بژاردەیەکی بەهێزە بۆ ئەو 
ئەستێرە فەرەنسییە".
 
هەروەها دەڵێت "کەریم بنزیما هەست دەکات که کارگێڕیی ئیتحاد هەوڵ دەدات بەزووترین کات خۆی لێ رزگار بکات. بۆیە بنزیما دوای هەموو ئەو شتانەی روویاندا نایەوێت جارێکی دیکە یاری بۆ یانەی ئیتحاد بکاتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە