رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەموو جیهان سەرقاڵی کلاسیکۆی زەوی، یان کلاسیکۆی وەرز، یان هەر ناوێکی دیکە کە خۆت حەزت لێیە دەبێت، بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا ببینێت، کە یارییەکەی گرنگی لالیگایە و دەکرێت بڵێین، یاریی شەڕکردنە لەسەر پێشەنگ.
یارییەکە کاژێر 18:15 لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام دەدرێت و لە کاتێکدایە کە ریال مەدرید بەجیاوازی دوو خاڵ لەپێش بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە.
ئەم یارییە جیا لەوەی هەمیشە وەک کلاسیکۆ یارییەکی گرنگە، بۆ هەڵوێستی هەردوو یانەش زۆر گرنگە و جگە لەوەی براوەکە دەبێتە پێشەنگ، لەڕووی ورەو و دەروونیشەوە بۆ هەردووکیان زۆر گرنگە، بەو پێیە بارسێلۆنا ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانە کاریگەرەکانی یاری ناکەن بەهۆی پێکانەوە و ئەگەر بەو دۆخەوە بتوانن لە ریال مەدرید ببەنەوە واتا هێشتا تیپی رکابەرییەکانە.
لە بەرامبەردا ریال مەدریدیش سەرەڕای ئەوەی لەڕووی پێکانەکانەوە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام بردنەوەی یارییەکە زۆر گرنگە بۆی، بەو پێیەی تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ تیپەکەی ئەلۆنسۆ، کە سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا لە 11 یاریی ئەم وەرزەدا 10 یاری بردووەتەوە، بەڵام تەنیا یەک یاریی گەورەی کردووەتەوە و تێیدا بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕاوە، بۆیە بردنەوە لە بارسا متمانەیەکی گەورە بە یاریزانەکان و خودی راهێنەرەکەش دەبەخشێت.
دیمەنی مەشقەکان
مەشقەکانی ریال مەدرید بۆ یەکەم کلاسیکۆی ئەمساڵ.. بێلینگهام ئاماژە بۆ سێ دەکات.. بەڵام دیار نییە مەبەستی چییە... گاڵتە وگەپی نێوان کاماڤینگا و ڤینی بەر لە گرنگترین یاریی وەرزەکەش، هەر بەردەوامە.. ئەلۆنسۆ رێنوێنییەکانی تووندترکردووە، بۆ ئەوەی ڤینی بەرگێکی نوێ بپۆشێت..
کیلیان وەک هەمیشە بەجووڵەیە بزۆکە.. ئەوەی تۆپی لایە پاس دەدات و ئەوەشی تۆپی لانییە، ناچارە دوای تۆپ بکەوێت.. میستەر هێندە لە هەستیاریی دۆخەکە گەیشتووە، خۆی چووەتە نێو مەشقەکانەوە و ناوە ناوە پاسیش دەدات..
بارساش بەرلەوەی بەرەو مەدرید بەڕێ بکەوێت، دوایین مەشقی ئەنجامدا، مارکۆس سۆرگ وەکئەوەی هەموو ئیدی دەسەڵاتەکانی فلیکی وەرگرتبێت، بەر لە هەمووان ئامادەبوو.. فلیک درەنگانێک دەرکەوت..
مەشقەکان ئارامن.. پێکەنین و ورەبەرزیی زاڵە.. لامین بەقسە، تیرەکانی خۆی بەمەدریدەوە ناوە، ئێستا ئیدی تەنیا دەبێ پێبکەنێت..
ئەمە کلیلی سەرکەوتنەکانی بارسایە.. پێدری.. لەگەڵ دی یۆنگدا خۆیان بۆ خنکاندێکی دیکەی مەدرید ئامادە دەکەن.. فلیک یاریزانەکانی کۆدەکاتەوە و رێنوێنییان دەکات.. دواتر پێیان دەڵێ فەرموون هەموو ئەوەی گوتم، بەکردار جێبەجێی بکەن، هیوادارم رۆژی کلاسیکۆش هەمان شت بکەن..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ