رووداو دیجیتاڵ
خەو ناچێتە چاویان و نایانەوێت لە ماڵئاواییکردن لە ئەفسانەیەکان بێبەش بن، ئەمانە هەزاران هاندەر و عاشقی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنان، کە بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی ئەو ئەفسانەیە کۆبوونەتەوە کە لە تەمەنی 60 ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵئاواییکرد، بەڵام وەک مێسی دەڵێت، مارادۆنا ئەبەدییە و بۆ هەمیشە لە دڵی هەموواندا دەمێنێتەوە.
بۆ کۆچی دوایی مارادۆنا سێ رۆژ پرسە لە ئەرجەنتین راگەیێندرا، هەزاران هاندەر رژانە سەر شەقامەکان و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵئاوایی لە دیێگۆ دەکەن.
هاندەرانی یانەی ناپۆلی ئەو یانەیەی بە قەرز مارادۆنای گواستەوە، پاشان بووە ئەفسانە و دیاردەی یانەکە، لە بەردەم یاریگەی سان پاوڵۆ کۆبوونەوە و هاوخەمیان بۆ کۆچی دوایی مارادۆنا پێشاندا، شارەوانی ئەو شارەش بڕیارییدا یاریگەی سان پاوڵۆی تایبەت بە ناپۆلی ناوەکەی بکرێتە دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ئەمەش لە پێناو ئەو خزمەتە زۆرەی کە یاریزانەکە پێشکێشی یانەکەی کردووە.
مارادۆنا لەنێو یاریگەدا خاوەنی دەیان چیرۆکی سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام هیچیان هێندەی ئەو گۆڵە دەنگیان نەدایەوە کە لە مۆندیالی 1986 لە مەکسیک لە تۆڕی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە دەست کردی و پاشانیش مۆندیالی بۆ تانگۆ بردەوە.
مارادۆنا لە گوندێکی دوورە دەست و هەژار لە نزیک بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لە دایکبوو، بەڵام بۆ ناوێک بۆ هەموو جیهان، لەسەر ئاستی یانەکان بۆ ئەرجەنتینیۆس جونیۆر، بۆکا جونیۆر، بارسێلۆنا، ناپۆلی، سێڤییا، نیوڵز ئۆڵد بۆیز یارییکردووە و دوا وێستگەشی گەڕاندەوە بۆکا.
ساڵی 1991 مارادۆنا بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخشەوە 15 مانگ راگیرا، پاشان خۆی دانی بەوەدانا کە ماوەیەکی زۆرە کۆکایین بەکاردەهێنێت، دوای ئەوە جارێکی دیکە پشکنینی بۆ کرا و بەو هۆیەشەوە لە مۆندیالی 1994 بێبەشکرا.
دیێگۆ لەگەڵ ئەوەی کەوتبووە ژێر کاریگەری ماددەی وزەبەخش، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خۆشەویستی ئەو و هاندەرانی نەبوو، ئاخر ئەو ئەفسانەیەک بۆ لە ئاسمانی ئەرجەنتنەوە بۆ هەموو جیهان.
ساڵی 2001 فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناوی مارادۆنای وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ هەڵبژارد، ئەو بۆ هەمیشە ماڵئاواییکرد، بەڵام مێژوو و ناوبانگی هەتا هەتایە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ