ئەوانەی تۆمەتبارن بە 'کوشتنی مارادۆنا' بەتووندی سزا دەدرێن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیێگۆ مارادۆنا مردنی دیێگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
دانیشتنی دادگاییکردنێکی نوێ  بۆ حەوت ئەندامی تیمی پزیشکی بەڕێوەدەچێت، کە تۆماتبارن بە کەمتەرخەمیکردن و بوون بە هۆکاری مردنی دیێگۆ مارادۆبای ئەفسانەی ئەرجەنتینی. ئەگەری هەیە سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەر 7 تۆمەتباردا بسەپێنرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە دادگاییکردنێکی نوێ سەبارەت بە کۆچی دوایی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، دیێگۆ مارادۆنا دەستپێدەکات، دوای ئەوەی تۆمەتی کوشتنی بێ مەبەست بەهۆی کەمتەرخەمییەوە ئاراستەی حەوت ئەندامی تیمی پزیشکییەکەی کراوە؛ ئەم هەنگاوە دوای نزیکەی ساڵێک دێت لە هەڵوەشاندنەوەی دادگایی پێشوو بەهۆی تانەدان لە رێکارەکان.
 
مارادۆنا کە هێشتا بەزیندوویی لە یادەوەری هەوادارانی تۆپی پێی ئەرجەنتیندا ماوەتەوە، لە 25ـی تشرینی دووەمی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دواییکرد، ئەمەش لەو کاتەی بوو کە لە قۆناخی چاکبوونەوەدا بوو دوای نەشتەرگەرییەکی مێشک بۆ لابردنی مەینێکی خوێن.
 
دادگایەک لە شارۆچکەی سان ئیسیدرۆ لە نزیك بۆینس ئایرس، گوێ لە گەواهیدانی نزیکەی 100 شاهید دەگرێت لە کاتی دادگاییکردنی تیمی پزیشکی مارادۆنا بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لە گیانلەدەستدانی براوەی مۆندیالی 1986.
 
تیمی پزیشکییەکەی مارادۆنا هەر جۆرە پێشێلکارییەک رەتدەکەنەوە. تۆمەتبارەکان بریتین لە: ئاجۆستینا کۆزاکۆڤی پزیشکی دەروونی، دەمار لیۆپۆڵدۆ لۆکی پزیشکی نەشتەرگەری، پسپۆڕی دەروونی کارلۆس ئەنخێل دیاز، پزیشک نانسی ئێدیت فۆر لینی، پەرستار ریکاردۆ ئەلمیرۆن، سەرۆکی پەرستار ماریانۆ ئاریێل پێرۆنی و پزیشک پێدرۆ پابلۆ دی سپانیا.
 
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر یەکەم دادگایی کە لە ئاداری رابردوو دەستیپێکردبوو، هەڵوەشاندنەوەی دادگاییەکە راگەیەندرا کاتێک یەکێک لە سێ دادوەرەکان بەناوی 'خۆلیتا ماکینتاش' لە کارەکەی کشایەوە؛ ئەمەش دوای دەرکەوتنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ تیمێکی وێنەگرتن لە ناو رێڕەوەکانی دادگا و لە ئۆفیسەکەیدا دەکات وەک بەشێک لە فیلمێکی دیکۆمێنتاری، ئەمەش بە پێشێلکردنی یاساکانی دادوەری دانرا.
 
دووبارە کردنەوەی دادگاییەکە وا لە داواکاری گشتی و پارێزەرانی بەرگری دەکات پێداچوونەوە بە قۆناخە جیاوازەکانی کەیسەکەدا بکەنەوە، دوای ئەوەی لە دادگایی یەکەمدا وێنە، گرتەی ڤیدیۆیی، تۆماری دەنگی و بەڵگەی پزیشکی دادوەری ئاشکرا کران. هەروەها چەندین شاهید لەوانە منداڵەکانی مارادۆنا و کلۆدیا ڤیلافانی هاوژینی پێشووی گەواهیدانیان داوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تۆمەتبارەکان لە ئەگەری سەلماندنی تۆمەتەکانیان، رووبەڕووی سزای زیندانی دەبنەوە کە لە نێوان 8 ساڵ بۆ 25 ساڵ دەبێت.
 
داواکاری گشتی لە یەکەم دادگاییدا گوتبووی کە پزیشکەکان پرۆتۆکۆڵە چارەسەرییەکانیان پێشێل کردووە و ئەو ماڵەی مارادۆنای تێدا بووە وەک 'شانۆی ترس' وەسفیان کردووە، چونکە چاودێری پێویستی بۆ دابین نەکراوە. لە بەرامبەردا پارێزەرانی بەرگری دەڵێن گیانلەدەستدانی مارادۆنا شتێکی حەتمی بووە بەهۆی کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکانی، بەو پێیەی بۆ چەندین دەیە گیرۆدەی ئاڵوودەبوون بە کۆکاین و کحول بووە.
 
تۆمەتەکانی کەمتەرخەمی لە ساڵی2021 دەرکەوتن دوای ئەوەی داواکاری گشتی لیژنەیەکی پزیشکی بۆ لێکۆڵینەوە لە مردنی مارادۆنا پێکهێنا؛ لیژنەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تیمی پزیشکییەکەی بەشێوەیەکی "نەشیاو، کەمتەرخەمی و سەرکێشانە" مامەڵەیان کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە