رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ کەریم، ئەستێرە و کاپتنی یانەی هەولێر لەبارەی کێشەکانی یانەکەی و هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و باسی ئەوە دەکات کە یاریزانەکانیان فەلافلیان خواردووە و پارەیان پێ نییە، بۆیە بایکۆتی مەشق و راهێنانەکان دەکەن.
سامان وڵاتژێری، پێشکێشکاری وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ شێرکۆ کەریم ئەنجامداوە و بە وردی لەسەر کێشەکانی یانەکە گفتوگۆیان کرد و کاپتنی یانەی هەولێر وردەکاریی کێشەکانی یانەکەی بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
یانەی هەولێر لە دوای ئەنجامدانی 5 یاری لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەنیا 1 یاریی بردووەتەوە و 3 یاریی دۆڕاندووە، ئێستا یانەکە لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و تەنیا 4 خاڵی هەیە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر:
رووداو: لەوکاتەوەی هاتوومەتە لات مۆبایلەکەت یەک خولەکیش نەوەستاوە، هەموو ئەوانەی پەیوەندیت پێوەدەکەن یاریزانانی هەولێرن چیان دەوێت و داوای چیت لێدەکەن، وەک کاپتنی یانەکە؟
شێرکۆ کەریم: یاریزانەکان گلەیی ئەوەدەکەن بۆچی پێشتر بایکۆتمان نەکرد، وەکو پێشتر گوتم دەبووایە بەر لە یارییەکەی بەرامبەر زاخۆ یاریزانەکان ئەو بڕیارەبدەن، بەڵام من یەکێک بووم لەوانەی رێگربووم بۆ ئەوەی یاریی زاخۆ بکەین و گوتم بەڵکو بتوانین بردنەوەیەک تۆماربکەین و تاوەکو هەلێک بدەین بە کارگێڕیی یانەکە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەن، بەڵام ئێستا هەموو یاریزانەکان بڕیاریانداوە بایکۆتی مەشقەکان بکەن و تاوەکو شایستە داراییەکانمان وەرنەگرین ناگەڕێینەوە.
رووداو: کەواتە سبەی مەشقی یانەی هەولێر ناکرێت، یاریزانەکان نایەن بۆ راهێنان؟
شێرکۆ کەریم: بەڵێ هەمووان بڕیاریانداوە مەشق نەکەن، خۆت بینیت هەموویان تەلەفۆنم بۆ دەکەن و کەس نایەوێت بچنە بۆ راهێنان.
رووداو: یاریزانەکان داوای چیت لێدەکەن؟
شێرکۆ کەریم: داوا لە من ناکەن، داوادەکەن منیش لەگەڵ بڕیاری ئەوان بم، منیش بەتەنیا هیچم پێناکرێت، ئەوان حەقی خۆیانە و منیش لەگەڵ ئەوان و وەکو ئەوان تەنیا یەک مووچەمان وەرگرتووە و مووچەی ساڵی رابردووشمان ماوە، خۆم لە ماوەی 5 مانگی رابردوو کرێی شوقەکەم داوە، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک باش نییە، هیوادارم کێشەکان چارەسەر بکرێن، لەوە زیاتر خراپتر نابێت.
رووداو: ئەم داواکارییەی یاریزانەکانت گەیاندووەتە کارگێڕیی یانەکە؟ ئەگەر گەیاندووتە وەڵامی ئەوان چییە؟
شێرکۆ کەریم: هیچ وەڵامێکیان نییە، بەدڵنیاییەوە گەیاندوومە، هەموو یاریزانەکان و چەندینجار کۆبوونەوە کراوە و باسی هەموو شتێکمان کردووە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک و هیچ هەڵوێستێک نییە، لەوکاتەوەی ئێمە لە کەمپی مەشقەکانمان لە تورکیا گەڕاوینەتەوە لەگەڵ راهێنەر گفتوگۆم کردووە و ئەگەر بگەڕێینەوە پارە نەبێت ئەم تیپە تێکدەچێت.
رووداو: کارگێڕیی یانەکە، سەرۆکی یانەی هەولێر و ئەوانەی خەمخۆری یانەکەن ئەم چاوپێکەوتنەی ئێمە دەبینن، پەیامی تۆ بۆ وەکو کاپتنی تیپەکە چییە؟
شێرکۆ کەریم: پەیامی من ئەوەیە، دەبێت یانەکە بەرەوباشتر بڕوات، تەماشای هەموو دونیا بکەم پارە حوکم دەکات، پارەت نەبێت ناتوانیت یەک یاریزانیش رازی بکەیت، تۆ ئەمڕۆ نزیکەی 25 بۆ 30 یاریزانت هەیە، هەموو بێ پارە بێت نابێت، تۆ نزیکەی 25 بۆ 30 ماڵباتت بێ پارە کردووە، جگە لەوانەی لە یانەکە کاردەکەن، ئەمە هەمووی کارەساتە و داواکارم کێشەکان چارەسەربکەن، زیاتر چاوەڕێی چیتان لێبکەین، زۆر هەوڵماندا ئێمە لەو کاتەوەی لە تورکیا گەڕاوینەتەوە ئەو هەموو مانگە چاوەڕێمان کرد و موڵەتماندا بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێن، سێ بۆ چوار مانگ چاوەڕێ بکەیت و هیچ هەڵوێستێک نەبێت، یاریزانیش بێدەنگ نابێت و داوای مافی خۆی دەکات.
رووداو: لە 15-8-2023ـەوە یانەکان دەستیان بە ئامادەکاریکردووە و یەک مووچەتان وەرگرتووە، تاوەکو کەی مووچەتان نەدرێت ناگەڕێنەوە، یان ئەگەر دوو مانگی بەسەردا تێبپەڕێت هەڵوێستتان چی دەبێت؟
شێرکۆ کەریم: نازانم، ئێمە بەردەوام لەگەڵ یاریزانەکان گفتوگۆی ئەم بابەتانە دەکەین، ئەگەر تاوەکو یاریی داهاتوو شایستە داراییەکانمان وەرنەگرین، بڕواناکەم یاریزانەکان بگەڕێنەوە نێو مەشقەکان.
رووداو: بەپێی زانیاری ئێمە لەماوەی هەفتەی رابردوودا بەشی زۆری یاریزانەکانی ئێوە فەلافلیان خواردووە، تەنانەت بەشێکیان پەیوەندییان بە تۆوە کردووە کە پارەیان پێ نییە، ئەمە تاوەکو چەند راستە؟
شێرکۆ کەریم: شەرم لەخۆم دەکەم، ئەو پرسیارەم لێدەکەی بەڕاستی، بەڵێ یاریزان هەبووە پارەی خواردنی نەبووە، بەڵام با لەوە بگەڕێین، بەڕاستی پێمناخۆشە باسی ئەم بابەتانە دەکەم، یانەیەکی وەکو هەولێر بگاتە ئەو ئاستەی یاریزان داوای پارەت لێبکات و کارەساتە، وەکو ئەوەی دوێنێ باسمکرد نەمویست بچمە نێو کرۆکی بابەتەکەوە و نازانم ئەو زانیارییەت لە کوێ هێناوە، دەبێت بەڕاستی و بەحەق وەڵام بدەمەوە، یاریزان هەیە کێشەی گەورەی هەیە و ئەمە یەکێکە لە کێشەکان، هەموو یاریزانەکان دێنە لای من و دەکرێت داوای پارە لە من بکەن، یان لە ئەمجەد بکەن، خۆی کارگێڕیی یانەکەش ئاگاداری ئەم بابەتانەیە، تاوەکو پێش ماوەیەک دەچووینە رێستورانتی تۆدەی بۆ نان خواردن، بەڵام ئەوەش نەما، بەهەرحاڵ دەبێت بیر لە داهاتووی وەرزشی کوردستان بکەینەوە، ئەمەی باسی دەکەین زۆر بچووکترن لەوەی کە ئەگەر بتەوێت وەرزش لە کوردستان سەربخەیت.
رووداو: ئەوەی ئێمە ببینێت رەنگە ئەو پرسیارە بکات کە شێرکۆ کەریم گرێبەستی لەگەڵ هەولێر 400 ملیۆن دینارە، بەڵام ئەوەی من بزانم شێرکۆ بارودۆخی لە یاریزانەکانی دیکە باشترنییە و لە کۆی 400 ملیۆن دینار تەنیا 10 ملیۆنی پێدراوە، بۆ؟
شێرکۆ کەریم: بڵێم بۆ، ئەو پرسیارە لە یانەی هەولێر بکە و پێیانبڵێ بۆ تاوەکو ئێستا پارەکانی شێرکۆتان نەداوە؟ نەک من، واز لە من بێنە، ئەی یاریزانەکانی دیکە کە یاریزان هەیە دۆخی زۆر لە من خراپترە، وەکو خۆت گوتت ئەو پرسیارەیان لێبکە و بزانە وەڵامەکەیان چییە، ئێمەش نازانین بۆ، ئێستا من پرسیاریان لێبکەم بڵێ بۆ پارەی من نادەی، پێمدەڵێن لە یانەکە پارە نییە، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوایین خاڵ، دوایین خاڵیش نازانم ئەو پارەیە لە کوێ دێت و داهاتی یانە چییە؟
رووداو: شێرکۆ پەشیمانە گەڕاوەتەوە یانەی هەولێر؟
شێرکۆ کەریم: بەڕاستی من هیچ کات پەشیمان نیم بۆ یانەی هەولێر یاری بکەم، چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆبوونەوەم کردووە و گوتوومە داوای یەک دینار لە یانەی هەولێر ناکەم، من گەیشتوومەتە دۆخێک بمرم لەبرسان داوای پارە ناکەم و زۆر بێزاربووم لەم دۆخە، مرۆڤ بە کەسایەتییەوە جوانە، من کە جارێک، دووان و سێیان مافی منت نەدا منیش بێزاردەبم، من هەر ئەو گرێبەستەم لەبیر کردووە کە لەگەڵ یانەکە واژۆم کردووە، یاریزانەکان هەمووان ئاگادارن کە هەموو مانگێک دەبێت بەشەڕ مووچەکانمان وەربگرین، ئەمەش ناکرێت.
رووداو: هەولێر خاوەنی هاندەری زۆرە و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام دۆخی خراپە، تۆ وەکو ئەستێرەیەکی دیار و کاپتنی یانەکە پەیامی تۆ بۆ هاندەران چییە؟
شێرکۆ کەریم: پەیامی من ئەوەیە سەبریان هەبێت، باوەڕناکەم ئەم کارەساتە ئاوا بەردەوام بێت، دەبێت چارەسەربکرێت و دڵنیام کەسانێک هەن دەتوانن بە ئاسانی ئەم کێشانە چارەسەربکەن، هەولێر یانەیەکی گەورە و پێشتر باسمکردووە و دوێنێش گوتم سوپاس بۆ خوا دۆڕانەکەمان بەرامبەر زاخۆ بوو و بەرامبەر یانەیەکی دیکە نەبوو، دڵم بۆ یانەی هەولێر ژان دەکات، ئەم یانەیە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دواوە دەچێت، تاوەکو ئێستا یانەی هەولێر یاریگەی مەشقی نییە، هەر رۆژە و لە یاریگەیەک مەشق دەکەین، لەگەڵ رێزم و دەبێت سوپاسی یانەی برایەتی، هەندرێن و ئارارات بکەین هەر رۆژە لە یاریگەیەک راهێنان دەکەین، بڕۆن لە زاخۆوە تاوەکو کەرکووک هەمووی پڕۆژەی دروستکردنی شوقەیە، بزانم یەک پڕۆژەی وەرزش هەیە لە هەموو کوردستان، گونجاوە لە هەموو هەولێر پڕۆژەیەک بۆ وەرزش نییە دوو یاریگەی راهێنان دروستبکرێت، ئاخر ئەم کارەساتانە تاوەکو کەی؟
رووداو: بەپێی زانیاریی ئێمە پەیوەندییەکی خراپ لەنێوان کارگێڕیی یانەکە و یاریزانەکان هەیە و بەشێکی کارگێڕی وەڵامی یاریزانەکانیش نادەنەوە، یەکێکیان تۆ لە ماوەی رابردوودا پرسەیەکت هەبوو و پەیوەندیشیان پێوە نەکردی، ئەمە تاوەکو چەند راستە؟
شێرکۆ کەریم: خۆی هەموو مرۆڤێک لە بارودۆخەکاندا دەردەکەوێت، من لێرە یەکەمجارە لێم بقەومێت ئاموزایەکم کە وەکو برام بوو لێرە لە هەولێر کۆچی دواییکرد، من 11 رۆژ لە نەخۆشخانە بووم یەکێکم نەبینی بێت بڵێت شێرکۆ تۆ کوڕی ئێمەی چیت پێویستە بۆتی بکەین، لێرە مرۆڤ دەردەکەوێت کە شایستەی چییە بۆی بکەیت.
رووداو: پێموایە پارەشت پێ نەمابوو؟
شێرکۆ کەریم: بەدڵنیاییەوە هەر ئەو 10 ملیۆنە بوو، 7 ملیۆنم دایە نەشتەرگەری و 3 ملیۆنم وەک دەستبەری خەواند، دەفتەرێکی دیکەشم قەرزکرد و دامە نەخۆشخانەکە، بەڵام پارە بەلامەوە گرنگ نییە، ئەوە گرنگە هەڵوێستی مرۆڤ لە کوێ دەردەکەوێت، سوپاسی کاپتن محەممەد خۆشنا و مەلا موەفەق دەکەم لەگەڵ هەندێک هاوڕێی دیکە کە هاتنە کەرکووک، بەڵام هەندێک کەس پەیوەندییەکیشیان نەکرد بۆ سەرەخۆشیکردن، بەهەرحاڵ ئەو هەڵوێستانە لە مرۆڤدا وادەکەن مرۆڤ بزانێت بەرامبەرکەی بای چەندە، لەوە پەشیمانم ئەو هەموو مانگە چاوەڕێم دەکردن لەبەر دڵی ئەوان کە گەنجن و هەموو یاریزانەکانم رادەگرت بۆ ئەوەی ئەوان چارەیەک بۆ خۆیان و یانەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەن، بەڵام زۆر پەشیمانم کە ئەو هەموو موڵەتم پێدان بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکەن، من کێشەکەم لەگەڵ هیچ کەسێک لە کارگێڕیی یانەکە نییە، لە سەرۆکی یانەوە تاوەکو بچووکترین بەرپرسی یانەکە و رێزی هەمووان دەگرم، من تەنیا کاپتنی یانەکەم و ئەو قسانەی دەکەم هەمووی حەق و مافی یاریزانەکانە و لەوانەیە ئەوانیش کێشەیان هەبێت و پارەیان بۆ نەیەت، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە لای ئەوان، چۆن هاندەران پێماندەڵێن ئەگەر حەقی خۆتان وەرناگرن بۆ یاری دەکەن، ئێمەش پێیان دەڵێین ئەگەر حەق و مافی ئەو یانەیە وەرناگرن بۆ قبوڵی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ