رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بەبێ سێ یاریزانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 15:00 یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەجەف یاریی دەکات، دوای یەکسانبوونی لە دێربیی بادیناندا دوور لە هاندەرانی بەدوای بردنەوەی سێ خاڵی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
ویسام رزق، راهێنەری یانەی زاخۆ بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت، بەتایبەت بۆ ئێمە یارییەکی ئاسان نییە، دوای ئەو گۆڕانکارییانەی یانەی نەجەف ئەنجامیاندا تیپەکە ئێستا ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەم یارییە و لە ئاستی یاریزانەکانم رازیم، چەند یاریزانێکمان یاریی ناکەن، بەڵام یاریزانەکانی دیکە ئامادەن بۆ ئەوەی شوێنەکانیان بگرنەوە."
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، یانەی زاخۆ بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییانەوە لە تواناکانی محەممەد عەلی عەبۆد و یوسف ئالوسی بێبەش دەبێت و گابی کیکی بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات.
زاخۆ لە چوار گەڕی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، تیپەکە ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 23 خاڵ، یانەی نەجەف لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندە، لە هەشت یاریی رابردوودا 7 جار دۆڕاوە و بەگشتی لەم وەرزەدا تەنیا دوو بردنەوەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ