بارسێلۆنا 5 یاریزانی بۆ فرۆشتن داناوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی وەرزێکی باش بەڕێدەکات دوای ئەوەی نازناوی جامی سوپەری نێوخۆیی بەسەر رکابەرە مێژووییەکەی، ریال مەدرید، بەدەستهێنا و بە جیاوازی 4 خاڵ لە پێش ریالەوەیە لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگادا.

سەرەڕای ئاستە باشەکە و ئەنجامە نایابەکان، بەڵام کارگێڕیی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستا، بیر لە دەستبەرداربوون لە 5 یاریزان دەکاتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی خوێن لە نێو تیپەکەدا.

ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج یاریزانەن کە پاڵێوراون بۆ جێهێشتنی بارسێلۆنا لە گواستنەوەکانی هاوینی داهاتوودا:
 
ئەندریاس کریستنسن 
 
ئەم بەرگریکارە تەمەن 29 ساڵە لە مانگی 4ـی داهاتوودا لە پێکانەکەی دەگەڕێتەوە، بەڵام پێگەی خۆی لە نێو تیپەکەدا لەدەستداوە، پێشبینی دەکرێت کریستنسن لە هاوینی داهاتوودا بڕوات، ئەمەش لەبەر درەوشانەوەی یاریزانە لاوەکان لە شوێنەکەی ئەو، کە دیارترینیان جێرارد مارتنە.
 
چێزنی 
 
ئەم گۆڵپارێزە بە ئەزموونە لە وازهێنان گەڕایەوە و گرێبەستێکی ئازادی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کرد دوای پێکانەکەی تێر شتیگن لە سەرەتای وەرزی رابردوو، بەڵام گرێبەستکردن لەگەڵ گۆڵپارێز خوان گارسیا کە ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات، هەلی بەشداریکردنی چێزنی کەمکردووتەوە، جگە لەوەی بارسێلۆنا بیر لە گەڕانەوەی گۆڵپارێزەکەی، ئینیاکی پێنا، دەکات کە بە خواستن لە یانەی ئێڵچییە.
 
مارک کاسادۆ
 
ئەم ئەستێرە لاوە وەرزی رابردوو ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد، بەڵام لەم وەرزەدا لە ئاستی خۆی دوورکەوتووەتەوە و هەلێکی زۆری بۆ یاریکردن بۆ ناڕەخسێت. بارسێلۆنا دەتوانێت ئەم یاریزانە ناوەڕاستە تەمەن 22 ساڵە بفرۆشێت و بڕە پارەیەکی باشی دەستکەوێت.
 
رۆناڵد ئاراوخۆ 
 
ئاراوخۆ هەمیشە وەک یاریزانێکی سەرەکی لە بارسێلۆنا دادەنرا، بەڵام وەرزێکی خراپی بەڕێکرد و بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی هەندێک کێشەوە دوورکەوتەوە. ئاراوخۆ پێگەی سەرەکی خۆی لەدەستدا لەبەر درەوشانەوەی پاو کوبارسی و ئێریک گارسیا، ئەمەش وایلێدەکات رۆیشتنی نزیکترین بژاردە بێت.
 
فێران تۆرێس
 
سەرەڕای ئەوەی فێران تۆرێس سێیەم گۆڵکاری بارسێلۆنایە لەم وەرزەدا، بەڵام هێشتا رووبەڕووی رەخنەی تووندی هاندەرانی یانەکە دەبێتەوە. بارسێلۆنا بیر لە فرۆشتنی تۆرێس دەکاتەوە بۆ دابینکردنی تێچووی گرێبەستکردن لەگەڵ جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
پلانی بارسێلۆنا بۆ میرکاتۆی هاوینە
 
جگە لە هەوڵە چڕەکان بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، کارگێڕیی بارسێلۆنا چاوی لە چەند ناوێکی دیکەی گەورەیە بۆ ئەوەی پێکهاتەکەی هانزی فلیک بگەیەنێتە لووتکە. یانەکە هێشتا پرۆژەی گواستنەوەی نیکۆ ویلیامزی دانەخستووە و وەک ئامانجێکی سەرەکی بۆ باڵەکان دەبینرێت، هەروەها خوان لاپۆرتا دەیەوێت یاریزانێکی ناوەڕاستی چەق و دڵێکی بەرگری بۆ تیپەکە زیاد بکات، تاوەکو بارسێلۆنا وەک پاڵێوراوێکی سەرەکی بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەربکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە