پرێمەرلیگ ئاگرین دەبێت و بەشێکی ئەستێرەکان یاریی ناکەن

27-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگ دەستپێدەکەن و زۆرینەی یانە گەورەکانی ئەو خولە ئەمڕۆ یارییەکانیان ئەنجامدەدەن.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی خولەکەدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی برێنتفۆرد یاری دەکات.
 
مان یونایتد لە پێنج گەڕی رابردوودا دوو یاریی بردووەتەوە، لە یاریی رابردوودا بە زەحمەت لە چێڵسیی بردەوە، بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی ئاماد دیالۆ، بەهۆی مردنی ئەندامێکی ماڵباتەکەی بێبەش دەبێت، نەسیر مزراوی و لیساندرۆ مارتینێز پێکانیان هەیە و کاسیمێرۆش بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە یاری ناکات.
 
برێنتفۆرد تەنیا یەک یاریی لەم وەرزەدا بردووەتەوە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
 
یانەی چێڵسی بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەر ئەنجامە باشەکانی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی برایتۆن دەکات.
 
بەر لەم یارییە گۆرزێکی گەورە بەر یانە لەندەنییەکە کەوت و کۆڵ پاڵمەر، ئەستێرەی ئەو یانەیە بەهۆی پێکانەوە دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و یاریی ناکات.
 
چێڵسی بە دوو بردنەوە، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێک لە پلەی شەشەمە، برایتۆن لە پلەی چواردەیەمە بە بردنەوەیەک، دوو دۆڕان و دوو یەکسانبوون 5 خاڵی هەیە.
 
یانەی مانچێستەر سیتی لە بەردەم هەلێکی باشدایە بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوە نزیکببێتەوە و لیڤەرپوولیش دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئینگلتەرا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی بێرنلی دەکات و چاوی لە بردنەوەی سێیەمە لەم وەرزەی خولەکەدا، یانەکە بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی عومەر مەرمووش، رەیان شێرکی و رایان ئایت نۆری بێبەش دەبێت کە بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن.
 
مانچێستەر سیتی دوو بردنەوە، دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکی هەیە و ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە، بردنەوەیەک، سێ دۆڕان و یەکسانبوونێکی هەیە و ئێستا لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە.
 
ئێرلینگ هالاند بە 6 گۆڵ گۆڵکاری پرێمەرلیگە، ئەرکی یانەکەی تارادەیەک ئاسانە و لە یاریگەی خۆیان یاری دەکەن، بۆیە هەزاران راهێنەری فانتەسی دایانناوە ئەمڕۆ تریپڵ کاپتن لە ئەستێرە نەرویجییەکە بدەن.
 
یانەی لیڤەرپوول چاوی لە بردنەوەی شەشەمە لەم وەرزەدا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر کریستال پاڵاس یاری دەکات.
 
سەرەتای ئەم وەرزە لە قەڵخانی ئینگلتەرادا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە و کریستال پاڵاس بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە لیڤەرپوولی بردەوە و ئەمڕۆش دەیەوێت ئەوە دووبارەبکاتەوە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
 
هوگۆ ئێکیتیکێ بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە جامی ئینگلتەرادا، بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە