رووداو دیجیتال
یەکێتیی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی فەرمی رازیبوو لەسەر ئەندامێتیی کوردستان لە یەکێتییەکە و بەنووسراو رەزامەندیی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیی کوردستان ناردووەتەوە، ئیدی هەڵبژاردەی کوردستان لە جام و پاڵەوانێتییەکان بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداری دەکات.
ئەو هەنگاوە گەورەیە دوای ئەوە دێت کە هەولێر لە مانگی سێپتێمبەری ساڵی رابردوو میوانداریی یارییەکانی یەکەمین جامی جیهانی تۆپی پێی بچووککراوەی کرد، کە هەڵبژاردەی میسر نازناوەکەی بردەوە، دوای میواندارییەکی سەرکەوتوو سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری وەرزشیی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی بەنووسراو داوای ئەندامێتیی کوردستانی لە یەکێتییەکە کرد، داواکارییەکە قبوڵکرا و کوردستان هاوشانی وڵاتانی گەورەی جیهان ئەندامە.
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزشیی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان، لە مانگی سێپتێمبەری ساڵی رابردوو، بە چاودێری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، توانی زۆر سەرکەوتووانە میوانداریی جامی جیهانی تۆپی پێی بچووکراوەی ئافرەتان بکات، ئەمەش بووە جێگەی سەرنجی فیدراسیۆن و میدیاکانی جیهانی، بۆیە بەفەرمی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش لە هەرێمی کوردستان، داواکاری بوون بە ئەندام لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی نێوەدەولەتی پێشکەشکرا، بە خۆشحاڵییەوە ئەم داواکارییە قبوڵکراو، هەرێمی کوردستان بوو بە ئەندامی فەرمی ئەم فیدراسیۆنە".
بەڕێوەبەری گشتی وەرزشیی کوردستان لەبارەی گرنگی ئەو هەنگاوە جیهانییە زیاتر روونیکردەوە "لە جام و پاڵەوانەتییەکانی داهاتوو، هەرێمی کوردستان بەناو و ئاڵامان هەڵبژاردەی کوردستان بەشداری دەبێت، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنکە، لە بواری وەرزشی لە هەرێمی کوردستان، کە هەڵبژاردەی کوردستان بەفەرمی بەشداری جامی جیهانی تۆپی پێی بچووکراوەی نێوەدەوڵەتی بکات، لەسەر هەردوو ئاستی کچان و کوڕان، گرنگی و بایەخدانی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سێکتەری وەرزشی، فاکتەرێکی هەرە گرنگ و سەرەکی پێشکەوتنی وەرزشە لە کوردستان، بەتایبەت لە سەر ئاستی کچان، کە لە زۆربەی یارییە جیاجیاکان نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دەکەن".

یەکێتیی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتی لە 2023 دامەزراوە، محەممەد دۆسەری کە خەڵکی سعودیەیە سەرۆکی یەکێتییەکەیە، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یەکەم مۆندیالی خانمان سەرۆک و جێگر و تەواوی ئەندامانی یەکێتییەکە سەردانی کوردستانیان کرد.
محەممەد دۆسەری، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتی بەخۆشحاڵییەوە لەبارەی ئەندامبوونی کوردستان لە یەکێتییەکەیان تایبەت بە رووداو سپۆرتس جەختیکردەوە "بەخێرهاتنی گەرمی بە ئەندامبوونی کوردستان بۆ یەکێتییەکەمان دەکەین و هەر شوێنێک هەماهەنگ و پاڵپشتیمان بکەن، بێگومان ئێمەش هەمان هەڵوێستمان دەبێت".
دۆسەری زیاتر ئاشکرایکرد "پیرۆزبایی گەرم لە کوردستان و هەولێر دەکەم کە میواندارییەکی جوانی مۆندیالی خانمانی کرد، ئەمە شتێکی نامۆ نییە بەتایبەت سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش کە خۆی وەرزشڤانێکی جیهانی بووە و خۆشەویستی خەڵکە، بێگومان کوردستان بەشداریی چالاکی جامەکانمان دەکەن و ئێمەش متمانەی گەورەمان بە هەرێمی کوردستان هەیە کە مافی میوانداریی پاڵەوانێتیی زۆر گەورەتریان پێبەخشین، ئێمە هانی هەموو جیهان دەدەین کە یاریی تۆپی پێ دەکەن، راستی سروشتی هەولێر جوانە و من لەوێ خۆشەویستی توانای باشم لە یارییەکەدا بینی".
هەڵبژاردەی خانمانی میسر لە هەولێر مێژووی نووسییەوە، دوای ئەوەی یاریی کۆتایی لە هەڵبژاردەی میسر بردەوە و نازناوی مۆندیالی خانمانی بردەوە.
ئەحمەد سەمیر، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بچووککراوەی میسر و جێگری سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتی سەرسامییەکی زۆری بۆ کوردستان پیشاندەدات و لە قسەکردنی بۆ رووداو گوتی "مێژووی کوردستان و میسر لەو یارییەدا ناوییان پێکەوە دێت، چونکە لە هەولێر مۆندیالمان بەرز کردەوە، ستایشی کوردستان دەکەم و ئەو رۆژەی کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لە یارییەکەدا ئامادەبوو قەت لەبیر ناکەم، کوردستان بەجوانترین شێوە میوانداریی مۆندیالی خانمانی کرد و مافی خۆیەتی هاوبەشیمان لە هەموو پاڵەوانێتیی و چالاکییەکان بکات".
بڕیارە سبەی یەکشەممە کاژێر 11ـی بەیانی لەنێو بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی ئەندامبوونی یەکێتیی تۆپی پێی بچووککراوەی کوردستان رابگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ