رووداو دیجیتاڵ
یولیان نایگێلسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هۆشداریی بانگهێشتنەکردنی بۆ مۆندیال، ئاراستەی سەرجەم یاریزانە ئەڵمانییەکان کرد، لە نێویاندا جەمال موسیالای بەهرەمەندی بایرن میونشن.
ئەڵمانیا خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئامادە دەکات. هەڵبژاردەکە لە فیفا دەی ئەمجارەدا، سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی بە ئەنجامی 4 - 3 گۆڵ بەسەر سویسرادا بەدەستهێنا، لە کۆتایی ئەم مانگەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی گانا دەبێتەوە.
نایگێلسمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، کات لەبەردەستی موسیالا نامێنێت بۆ ئەوەی تەواوی توانای جەستەیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بەرلەوەی مۆندیال دەستپێبکات.
راهێنەری ئەڵمانیا زیاتر دەڵێ، "وەک هەر یاریزانێکی دیکە، دەبێ موسیالا لەوپەڕی توانای جەستەیی خۆیدابێت، ئەگەر دەیەوێت لە مۆندیال بەشداریی بکات".
موسیالا مانگی حەوتی رابردوو، لە مۆندیالی یانەکان، دووچاری شکانی ئیسکی قاچ و پچڕانی بەستەی پاژنەی پێی بوو، مانگی یەک گەڕایەوە بۆ یاریگەکان، بەڵام جارێکی دیکە دووچاری نوشوست بووەوە.
نایگێلسمان دەڵێ، "موسیالا کاتی زۆری لەبەردەستدا نەماوە، پێموایە ئەو دەتوانێت تەواوی توانای جەستەیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، تەنیا هەشت هەفتەی لەبەردەستە".
هەروەها دەڵێ، موسیالا ماوەیەکی زۆر یاریی نەکردووە. هەموو ئەوەی هیوای بۆدەخوازم ئەوەیە کە پاژنەی زوو چاک ببێتەوە، دووچاری نوشوستی دیکە نەبێت، هەروەها هەست بەئازار نەکات.
راهێنەری ئەڵمانیا زیاتر دەڵێ، "گرنگترین شت بۆ موسیالا ئەوەیە کە تەندروستیی باش بێت، هەست بەئازار نەکات، بتوانێت ئەو ئاستە بەرزەی هەموو کات هەیبووە، پێشکەشی بکات".
نایگێلسمان رێگەکەی بۆ جەمال موسیالا زیاتر روونکردووەتەوە و دەڵێ، "ئەگەر یاریزان بیت و لە یاریگەدا هەست بەئازار بکەیت و بتوانیت بەرگەی بگریت و سەدا سەدی ئاستی خۆت پێشکەش بکەیت، ئەوە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر ئازارت هەبێت و نەتوانی بەرگەی ئازارەکە بگریت، تۆ ئەوکات قاچت دەبەسترێ و ناتوانی ئازادانە یاریی بکەیت".
موسیالای 23 ساڵان، ئارەزووی خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بایرن میونشن راینەگەیاندووە ئەو یاریزانە، کەی دەتوانێت دەستبکاتەوە بە یارییکردن.
موسیالە کە یەکێکە لە بەهرەمەندترینەکانی ئێستای ئەڵمانیا، لە 12 مانگی رابردوودا هیچ یارییەکی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەنجام نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ