رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی مێژووی چامپیۆنزلیگدا، یانەی پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی 5-4 لە بایرن میونشنی بردەوە، بەڵام ئەم لووتکە ئاگرینە هێشتا هیچ شتێکی سەبارەت بەوەی کێ دەگاتە یاریی کۆتایی یەکلانەکردووەتەوە.
یارییەکە کە لە باخچەی شازادەکان لە پاریس بەڕێوەچوو، لە خولەکی یەکەمەوە تاوەکو کۆتایی پڕ بوو لە جۆشوخرۆش. بایرن میونشن بە لێدانێکی سزای هاری کەین دەستپێشخەری کرد، بەڵام پاریس بە خێرایی وەڵامی دایەوە و لە رێگەی کڤاراتسخێلیا و ژواو نێڤێسەوە ئەنجامەکەی پێچەوانە کردەوە. هەرچەندە میشێل ئۆلیسێ ئەنجامەکەی بۆ بایرن کردەوە بە 2-2، بەڵام لە دوایین خولەکەکانی نیوەی یەکەم ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ پاریس ئەژمار کرد و دێمبێلێ بە سەرکەوتوویی جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی کرد بە 3-2.
هێرشبەرانی پاریس لە نیوەی دووەمدا ئاستێکی بێوێنەیان پێشکەشکرد، عوسمان دێمبێلێ و کڤاراتسخێلیا ئەنجامەکەیان بۆ 5-2 بەرزکردەوە و
یاریگایان هەژاند.
هەرچەندە وا دەردەکەوت یارییەکە بە تەواوی لە بەرژەوەندی خاوەن ماڵ کۆتایی هاتبێت، بەڵام کەسایەتی گەورەی بایرن میونشن رێگەی نەدا ئەنجامەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.
ئوپامیکانۆ و لویس دیاز بە تۆمارکردنی دوو گۆڵی دیکە، جیاوازییەکەیان تەنیا بۆ گۆڵێک کەمکردەوە. بەمەش یارییەکە وەک پڕگۆڵترین یاریی قۆناخی پێشکۆتایی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرا و سەلماندی کە ململانێی نێوان ئەم دوو زەبەلاحە تاوەکو فیکەی کۆتایی یاریی گەڕانەوە بەردەوام دەبێت.
هەواڵە ناخۆشەکە بۆ پاریسییەکان لەم شەوەدا، پێکانی نونۆ مێندێش و ئەشرەف حەکیمی بوو لە خولەکەکانی کۆتاییدا، کە رەنگە گرفت بۆ پێکهاتەی یانەکە دروست بکات. ئێستا هەموو جیهان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یاریی گەڕانەوەیە لە نێو یاریگای ئەلیانز ئەرێنا، چونکە ئەم لووتکە ئاگرینە تەنیا نیوەی چیرۆکەکەی نووسیوە و تاوەکو ئێستاش بە تەواوی نادیارە کام لەم دوو یانەیە دەگاتە یاریی کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ