دڵی ئەنچیلۆتی لای رۆمایە

28-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید ریال مەدرید، کارلۆ ئەنچیلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشبوونی خۆی بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەرامبەر سێڤییا لەگەڕی پێشکۆتایی لالیگای ئەمساڵ دەربڕی، باسی لەوەکرد کە دڵی لای رۆمایە.
 
کارلۆ لە دوای سەرکەوتنی تیپەکەی بە 2 - 1 گۆڵ، گوتی، "هاندەران فیکەیان بۆ دانی سیبایۆس لێدا لە یارییەکەدا چونکە ئەو پێشتر یاریزانی ریال بێتیس بووە، ئەوەش شتێکی ئاساییە لە یاریگەدا، پیرۆزبایی لە هاندەرانی سێڤییا دەکەم بەهۆی هەڵسوکەوتیانەوە".
 
راهێنەری ریال مەدرید، ئاوڕی لە باسوخواسی سووکایەتی و رەگەزپەرستی هاندەران بەرامبەر یاریزانانی یانەکەی کرد و گوتی، "ژینگەکە دەگۆڕێت و ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان ئاماژەیەکی باشبوو، جەماوەر وردە وردە لەوە تێدەگەن کە چ هەڵسوکەوتێک رێگەپێدراوە ئەنجامی بدەن و نابێ چ هەڵسوکەوتێک بکەن".
 
لەبارەی درەوشانەوەی رۆدریگۆی ئەستێرەی یانەکەیەوە کە دوو گۆڵی لە سێڤییا کرد، میستەر گوتی، "رۆدریگۆ ئەمشەو وەک هێرشبەری سەرەڕم یارییکرد و درەوشایەوە، ئەو تایبەتمەندی جیاوازی لە یارییکردندا هەیە و دەتوانێ لە زۆر شوێنی هێرشبەری یاری بکات، لۆژیکییە کە لە تۆپی بەرزدا باش نییە، بەڵام لە دۆزینەوەی هەلدا زۆر سەرکەوتووە".
 
لەبارەی رەتکردنەوەی رۆدریگۆ بۆ دانیشاندنی لە خولەکی 81ی یارییەکە، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێ، "ویستم دایبنیشێنم و ناچۆ یاریی پێ بکەم، بەڵام ئەو گوتی دەیەوێت بەردەوام بێت لە یارییکردن بۆ ئەوەی هاتریک تۆمار بکات، منیش گوتم تۆ دەتەوێت گۆڵ بکەیت و منیش نامەوێت گۆڵم لێبکرێت، قسەکانمی بە ئارامی وەرگرت و لە یاریگە هاتە دەرەوە".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی دەڵێ، "کارێکی قورسە لەم جۆرە یارییانەدا پاڵنەر بۆخۆمان لەپێناو سەرکەوتندا بدۆزینەوە، لە دە خولەکی سەرەتادا باشنەبووین، هەرچەندە دواتر زانیمان چۆن مامەڵە لەگەڵ یارییەکەدا بکەین".
 
کارلۆ رەتیکردەوە زانیاری لەبارەی رۆیشتنی مارکۆ ئاسینسیۆ بدات و گوتی "هیچ لەبارەی داهاتووی ئەو و ناچۆوە نازانم، بەمنزیکانە هەموو شت رووندەبێتەوە، دڵتووندم بەوەی بۆی هەیە ئەوان بڕۆن، دوای بڕیاری ئەوان، ئێمەش بڕیارەکانی خۆمان بۆ وەرزی نوێ دەدەین".
 
راهێنەری ریال مەدرید دەڵێ، "دوای یارییەکە هیوای سەرکەوتنم بۆ میندیلیباری راهێنەری سێڤییا خواست لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگدا، هەرچەندە من پێشتر کاپتنی رۆما بووم و مۆرینیۆش هاوڕێیەکی مەزنی منە، من دڵم لای رۆمایە زیاتر لە سێڤییا، لەوانەیە ئەوان نازناوەکە ببەنەوە".
 
بەم سەرکەوتنە ریال مەدرید کۆی خاڵەکانی گەیاندە 77 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا، بەجیاوازیی 8 خاڵ لە بارسێلۆنای براوەی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە