وەرزی ئەمساڵی هەر چوار یانە کوردستانییەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتایی دێت، وەرزێک لە هەندێک رووەوە سەرکەوتوو و لەهەندێک رووەوە شکستخواردوو. وەرزێک لە هەندێک رووەوە زۆر جوان و لە هەندێکی دیکەوە قێزەون بوو.
هەولێر و گێژاوە بەردەوامەکە
یانەی هەولێر وەرزێکی دیکەی پڕاوپڕ لە کێشە و گرفت و شکستی بەسەربرد. یانەکە دۆخی سەیر و پێشبینینەکراوی بەسەردا هات، لە بەردەوامیی گێژاوی بێپارەیی و نەدانی مووچەی یاریزانانەوە، تاوەکو ئەنجامە خراپەکان، رۆیشتنی یاریزانان و زیزبوونیان لە یانەکە.
لە تیپەکە وەرە دەرەوە و کەمێک دوورتر بڕوانە، هەولێر ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی خولەکەدا خۆی گرتەوە و لانیکەمی خەونەکانی کە مانەوەبوو لە خولەکە بەدەستهێنا، بەڵام بووە قوربانیی بێسەروبەریی لە کارگێڕی و بەڕێوەبردندا.
ئەوەی لە هەولێر زۆر سەیربوو، بێساحێب مانەوەی یانەکەبوو تاوەکو دوایین سات، سەیرە لە دوایین لێدواندا سەمیر بابۆ دەڵێ 90 رۆژە یاریزانەکانم مووچەیان وەرنەگرتووە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زۆر یاریزان ناچاردەکات لەجیاتی جارێک، دە جار بیر لەوە بکاتەوە بێتە هەولێر یان نا.
دهۆک بۆ وای لێهات؟
تاوەکو ماوەیەکی زۆر لە تێپەڕینی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک وەک بەربژێرێک بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە تەماشا دەکرا. یانەکە سەرقاڵی بەدەستهێنانی نازناوی جامی کەنداو بوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا. ئەوە وایکرد چەندین یاریی دواخراوی هەبێت، کاتێک هاتە سەر ئەنجامدانەوەی یارییە دواخراوەکان، ئیدی ئومێدی رکابەری لەسەر نازناوەکە زیادیان کرد، بەڵام لەناکاو هەموو شت گۆڕا.
لە یارییەکی گرنگ و هەستیار و دۆخێکی پڕ لە هەڵچووندا، مەسعود میراڵی راهێنەری یانەکە کەوتە نێو کێشە و گرفت لەگەڵ ناوبژیوانان و دواتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەگەر ئەوە رووینەدابایە، لەوانەبوو دهۆک هەر بەرکابەر لەسەر خولەکە بمێنێتەوە.
دهۆک هەنگاوێکی گەورەینا لەسەر ئاستی دەرەوە. هەمووانی دڵخۆشکرد کاتێک جامی کەنداوی بردەوە. ئەو کەرنەڤاڵەی ئەو رووداوە بەدوای خۆیدا هێنای، تاوەکو ساڵانێکی دواتریش لەبیر ناکرێن، خەڵک زۆر دڵخۆشبوون، دهۆک بووە گەورەی کەنداو، بەڵام لە کۆتاییدا نەیتوانی خەونە نێوخۆییەکەی بەدی بهێنێت.
نەورۆز و ئەزموونێکی زیاتر
یانەی نەورۆز ئەزموونێکی زیاتری بەدەستهێنا. راستەی نەیتوانی رکابەری بکات، تەنیا هەوڵی مانەوەیدا، بەڵام تیپەکە خۆی ئەزموونێکی زیاتری بەدەستهێنا، لەوەش گرنگتر پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی لە خولەکەدا کرد و لە هەندێک شوێن و جێگەشدا مەیلی دەرکەوتن بەئاستی بەرزەوە پێشاندا.
نەورۆز کەم ئەزموونترینی نێو یانەکانی کوردستانە لە خولەکەدا، هەربۆیە ئەم کەڵەکەبوونی ئەزموونە دەکرێ سوودی زۆر زیاتری پێبگەیەنێت بۆ وەرزەکانی داهاتوو.
زاخۆ و سەرکەوتنێکی دیکە
زاخۆ بەخەونی زۆر گەورەوە دەرکەوت، لەگەڵ تەڵاڵ بلووشیدا گەیشتە لووتکە، بەڵام بەر لە کۆتایی لەوێش کەس نەیزانی بۆچی دۆخەکە بەو شێوەیە گۆڕا.
بلووشی رۆیشت و دیمەنەکانی بەڕێکردنی ئەو لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە وا بەئاسانی لەبیر ناچنەوە، ئەو خەریکبوو خەونی بردنەوەی نازناوی خولەکەی لەگەڵ یانەکەدا دەکردە راستی، بەڵام لەناکاو ئاراستەی دۆخەکە گۆڕا.
زاخۆ لە گۆڕانکارییەکی قووڵ و لە کاتێکی هەستیاردا، راهێنەری گۆڕی، بەڵام زوو هاوسەنگیی بەدەستهێنایەوە و ئەوە زۆر گرنگبوو کە یانەکە گەیشتە ئەوەی بۆ یەکەمجار بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەی عێراقدا بکات.
دیمەنە جوانەکان، کارە قێزەونەکان
هەرچۆنێک بێت، ئەزموونی ئەمساڵی یانە کوردستانییەکان لە خولە عێراقییەکە باشبوو، هیچ کام لەچوار یانەکە دانەبەزین، هەموو مانەوە و زاخۆ و دهۆک لە نازناوەکەشەوە نزیکبوون. دەکرێ ئەزموونی ئەمساڵ بەئەزموونێکی باش بۆ هەرچوار ناوبنرێت، بەڵام هێشتا شتی زۆر ناشرینمان ماوە و پێشانی دەدەین.
دیمەنەکانی شەڕی نێوان هاندەران، لێدان، کورسی شکاندن، بریندارکردنی یەکدی و هێرش و پەلامار، بەداخەوە بەسەر ئەو دیمەنە جوانانەدا زاڵبوون کە هەرچوار یانە لەسەر ئاستی عێراق وەک رووگەی جەماوەریی پێشاندەدران و دەناسێنران.
هاندەرەکانی هەولێر، دهۆک، نەورۆز و زاخۆ هێندە تابلۆی جوانیان بەدرێژایی وەرزەکە پێشاندا، هەموومانی دڵخۆشکرد، بەڵام جێگەی داخبوو، دیمەنە تووندوتیژەکان زۆر شتی تێکدا و زۆر وێنەی جوانی ناشرینکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ