هەوار جەلالەدین
رووداو
دوو منداڵی تێنسزانی کورد لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم و دووەمی پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەویی عێراقیان بەدەستهێنا.
وەڕاڕ هەڤاڵ، یاریزانی تێنسی سەرزەوی تەمەن 12 ساڵ، لە پاڵەوانێتیی کراوەی دهۆک بۆ تێنسی سەرزەوی، لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و کیان باهۆز مستەفای تەمەن 9 ساڵانیش لە هەمان پاڵەوانێتی، پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
بژار ئەکرەم محەممەد، راهێنەری تێنسزان کیان باهۆز، بە رووداوی راگەیاند، پاڵەوانێتییەکە لەلایەن یەکێتیی تێنسی سەرزەویی عێراق بە هاوئاهەنگی لقی دهۆک رێکخرابوو، لە تەمەنی 8-10 ساڵان، کیان توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت.
پاڵەوانێتییەکە لە 24ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و رۆژی 27ی مانگ کۆتاییهات.
کیان باهۆز مستەفا، تەمەنی 9 ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، چەند ساڵێکە ماڵباتەکەی گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر. وەک یاریزانی تێنسی سەرزەوی بەردەوامە لە مەشق و راهێنانەکانی، چونکە وەک باهۆز مستەفای باوکی بە رووداوی گوت "کوڕەکەی دەیەوێت لە داهاتوودا ببێتە یاریزانێکی بەتوانا و ناسراوی یاریی تێنسی سەرزەوی".
کیان، ئەمساڵ لە پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. پێشتریش لەسەر ئاستی عێراق لە تێنسی سەرزەوی پلەی دووەمی بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ