هەموو شتێک لەسەر پاڵاوتنەکانی مۆندیال و پاشکۆ

20-11-2025
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مۆندیالی 2026 لە 11ـی 6 تاوەکو 19ـی 7ـی ساڵی 2026 لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت؛ 48 هەڵبژاردە لەم پاڵەوانێتییە رکابەری دەکەن. 34 هەڵبژاردە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوون. تیروپشکی مۆندیال لە 5ـی 12ـی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
 
سێ وڵاتە میواندارەکە راستەوخۆ سەردەکەون، لە کاتێکدا وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا، ئەمریکای باشوور، ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا یارییەکانی پاڵاوتنی تایبەت بە خۆیان ئەنجام دا.
 
یوفا 16 کورسی لە پاڵەوانێتییەکەدا بۆ مسۆگەر کراوە. دوازدە براوەی کۆمەڵەکان راستەوخۆ لە قۆناخی پاڵاوتنەوە سەرکەوتن و  16 هەڵبژاردەی دیکە یاریی دەکەن لە پاشکۆ کە پێکدێن لە 12 خاوەن پلەی دووەمی کۆمەڵەکان و چوار هەڵبژاردەی دیکە بەپێی ریزبەندییان لە نەیشنسلیگ، دەچنە نێو چوار رێڕەوی پاشکۆی پاڵاوتن،  براوەی هەر رێرەوێک، کورسییەکی دیکە بۆ مۆندیال مسۆگەر دەکات.
 
لە دەرەوەی ئەورووپا، ئەفریقا نۆ کورسی لە مۆندیال وەرگرتووە، ئاسیا هەشتی دەبێت.  شەش کورسی بۆ هەریەک لە ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست دەبێت، لە کاتێکدا ئۆقیانۆس بۆ یەکەمجار یەک کورسی مسۆگەری دەبێت.
 
دوو کورسییەکەی کۆتایی لە رێگەی پاشکۆی نێودەوڵەتی پڕدەکرێنەوە. پاڵەوانێتییەک بە بەشداریی شەش هەڵبژاردە لە مانگی 3ـی2026 بەڕێوەدەچێت یەک هەڵبژاردە لە هەر کیشوەرێک جگە لە ئەورووپا لەگەڵ یەک هەڵبژاردەی زیادە لە کیشوەری وڵاتانی میواندارەوە.
 
کێ بۆ مۆندیالی 2026 سەرکەوتووە؟
 
ئەورووپا
 
ئینگلتەرا بە راهێنەرایەتیی تۆماس توخێل، ئاستێکی نموونەیی پێشکێش دەکات وەک یەکەم هەڵبژاردە لە ئەورووپا سەرکەوت بۆ مۆندیالی 2026، سکۆتلەنداش کورسییەکی مسۆگەر کرد، ئەمە دەبێتە یەکەم گەیشتن بە مۆندیالیان لەساڵی 1998ـەوە، ئەمەش دوای بردنەوەیەکی 4-2ـی باوەڕپێنەکراو لە کاتی زیادکراودا بەسەر دانیمارکدا.
 
هەڵبژاردەی فەرەنساش شوێنێکی بۆ خۆی مسۆگەر کرد دوای ئەوەی 4-0 لە ئۆکراینای بردەوە، بەمەش بووە دووەم هەڵبژاردە لە ئەورووپا کە سەربکەوێت، بەدوایدا کرواتیا هات دوای ئەوەی لە دوورگەکانی فارۆی بردەوە.
 
پۆرتوگالیش شوێنی خۆی مسۆگەرکرد، دوای ئەوەی بەئەنجامی 9-1 لە ئەرمینیای بردەوە، پێشەنگی کۆمەڵەی Fـی وەرگرت.
 
نەرویج شوێنی خۆی لە یەکەم پاڵەوانێتیی گەورەدا لە ساڵی 1998ـەوە مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی بەئەنجامی 4-1 لە ئیتاڵیای بردەوە توانی پێشەنگی کۆمەڵەی I بگرێت. ئیتاڵیاش ئێستا دەبێت بە کورسییەکی پاشکۆ رازی بێت.
 
ئەڵمانیای خاوەن چوار نازناو بۆ پاڵەوانێتیی هاوینی داهاتوو سەرکەوت، دوای ئەوەی لە دوایی یاریی کۆمەڵەی A دا بە ئەنجامێکی گەورەی 6-0  لە یاریگای خۆیدا سلۆڤاکیای تێکشکاند.
 
هۆڵەنداش پێویستی بە رۆژی کۆتایی پاڵاوتنەکان بوو بۆ مسۆگەرکردنی شوێنەکەی لە مۆندیالی 2026، دوای ئەوەی ئەو هەڵبژاردەیەی سێ جار بووەتە خاوەنی پلەی دووەم، لە یاریگای خۆیدا بەئەنجامی 4-0 لیتوانیای بردەوە و بوو بە پێشەنگی کۆمەڵەی G.
 
ئیسپانیای براوەی یۆرۆی 2024 دەیزانی کە پێویستی بە رووداوێکی زۆر گەورە هەیە بۆ ئەوەی سەرنەکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 2-2 لەگەڵ تورکیا تووشی یەکسانبوون هات، بەڵام  هەر لە پێشەنگی کۆمەڵەی E ماوە، لەکاتێکدا بەلجیکا شوێنی خۆی لە مۆندیال مسۆگەر کرد بەبردنەوەی 7-0 لە لیشتنشتاین، بەمەش کۆتایی بە هیوا لاوازەکانی وێڵز هێنا بۆ گرتنی شوێنەکەیان.
 
هەریەک لە 12 براوەی کۆمەڵەکان شوێنی خۆیان مسۆگەر کرد، لە کاتێکدا چوار کورسییەکەی دیکە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا یەکلایی دەکرێنەوە، کە بە بەشداریی 12 خاوەن پلەی دووەمی کۆمەڵەکان و چوار لە باشترینەکانی نەیشنسلیگ دەبێت.
 
ئەمریکای باشوور
 
ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان یەکەم هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور بوو کە سەرکەوت، هەروەها بە جیاوازی نۆ خاڵ لە پێش ئیکوادۆری خاوەن پلەی دووەم، پێشەنگی کۆمەڵە دە هەڵبژاردەییەکەی ئەمریکای باشوور گرت.
 
پێنج هەڵبژاردەکەی دیکە پێکدێن لە کۆڵۆمبیا، ئۆروگوای، بەرازیل و پاراگوای، سەرکەوتنی راستەوخۆیان مسۆگەر کرد، لە کاتێکدا بۆلیڤیا کورسیی پاشکۆی پاڵاوتنی برد، ئەوەشی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە دوایین یاریی پاڵاوتندا بەئەنجامی 1-0  لە بەرازیلی بردەوە.
 
ڤێنزویلا، چیلی و پێرو و بێبەش بوون، لەکاتێکدا بۆلیڤیا دەچێتە پاشکۆی پاڵاوتنی شەش هەڵبژاردەییەوە، کە دوو هەڵبژاردە لە ئەمریکای باشوور و یەک هەڵبژاردە لە هەریەک ئاسیا، ئەفریقا،  ئۆقیانۆس لەخۆی دەگرێت.
 
ئاسیا
 
ژاپۆن بووە یەکەم هەڵبژاردە کە سەرکەوتنی راستەوخۆی مسۆگەر کرد دوای ئەوەی لە بەحرەینی بردەوە، دواتریش ئوسترالیا، ئێران، ئوردن، کۆریای باشوور و ئۆزبەکستان کورسیی مۆندیالیان مسۆگەر کرد.
 
قەتەر و سعودیەش شوێنی خۆیان مسۆگەرکرد، ئەوەش لە رێگەی قۆناخی چوارەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیاوە.
 
سەرکەوتنە گرنگەکەی عێراق بەسەر ئیماراتدا، عێراقی خستە باشترین پێگەوە بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری ئاسیا لە پاشکۆی نێودەوڵەتی نێوان کیشوەرەکان بۆ مۆندیالی 2026 ئەم بردنەوەیە، کاروانەکەی بە زیندوویی هێشتەوە و ئێستا تەنیا هەنگاوێک دوورە لەوەی هیوای گەلی عێراق بێتە دی کە گەیشتنە بە مۆندیالی 2026..
 
ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست
 
لەکاتێکدا میواندارەکان، کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا شوێنی خۆیان مسۆگەرکردووە، ئەم کیشوەرە ئێستا خاوەنی شەش هەڵبژاردەی سەرکەوتووە بۆ مۆندیالی 2026.
 
کوراساو مێژووی تۆمارکرد بەوەی بووە بچووکترین هەڵبژاردە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە کە تاوەکو ئێستا گەیشتبێتە مۆندیالی 2026، لەکاتێکدا تیپەکەی ئادفۆکات، وڵاتێکە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا 155،000 کەسە.
 
هایتی و پەنەما وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەیان پەیوەندی بە وڵاتە میواندارەکانەوە دەکەن، کە راستەوخۆ بۆ پاڵەوانێتییەکە سەردەکەون.جامایکا و سۆرینام گەیشتنە پاشکۆی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی کە لە کۆمەڵەکەیان پلەی 2ـەمی ریزبەندیی بەدەستهێنا.
 
ئۆقیانۆس
 
نیوزیلەندا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010ـەوە سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکرد، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵاوتندا  بەئەنجامی 3-0 لە نیوکالیدۆنیای بردەوە.
 
نیوکالیدۆنیا هێشتا ئەگەری ئەوەی هەیە لە رێگەی  پاڵەوانێتیی پاشکۆی نێودەوڵەتی پەیوەندی بە نیوزلەنداوە بکات، چونکە لە پاشکۆی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتیی ئۆقیانۆس دەکەن.
 
پاشکۆ
 
پێشبڕکێی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، ئێستا دەچێتە قۆناخی یەکلاکەرەوەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانەوە. لە ئەورووپا 16هەڵبژاردە  لەوانە ئیتاڵیا، دانیمارک، تورکیا، پۆڵەندا، ئۆکراینا، وێڵز، ئێرلەندا، سوێد، چیک، سلۆڤاکیا، ئەلبانیا، بۆسنە، کۆسۆڤۆ، رۆمانیا، ئێرلەندای باکوور و مەسەدۆنیای باکوور  لە قۆناخی پێش کۆتایی و کۆتایی بەشێوازی یەک یاری رکابەری دەکەن بۆ چوار کورسییەکەی ماوەی یوفا.
 
لە هەمانکاتدا، پاڵەوانێتیی پاشکۆی نێودەوڵەتی نێوان کیشوەرەکان بڕیار لەسەر دوو شوێنەکەی کۆتایی مۆندیال دەدات، بە بەشداریی شەش هەڵبژاردە لە کۆنفیدراسیۆنەکانی دیکەوە: عێراق (ئاسیا)، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ (ئەفریقا)، بۆلیڤیا (ئەمریکای باشوور)، جامایکا و سۆرینام (ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست) و نیوکالیدۆنیا (ئۆقیانۆس). ئەو  دوو هەڵبژاردەی خاوەنی بەرزترین ریزبەندن راستەوخۆ دەچنە یارییەکانی کۆتاییەوە، کە هەڵبژاردەی عێراق و کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆن  لەکاتێکدا چوارەکەی دیکە لە قۆناخی پێش کۆتاییدا یاری دەکەن، و براوەی دوو یارییە کۆتاییەکە دوو کورسییەکەی کۆتایی مۆندیال بەدەستدەهێنن. سەرجەم یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتن بۆ مانگی 3 2026 دیاری کراون، بەمەش لیستی هەڵبژاردەکانی یەکەمین پاڵەوانێتیی 48 هەڵبژاردەیی تەواو دەبێت.
 
تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە 5ـی 12 لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە