رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بگاتە قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکانی کاراباو کەپ، کاتێک بەرامبەر یانەی برایتۆن یاری دەکات.
ئارسیناڵ لە یاریگەی خۆیدا یارییەکە ئەنجامدەدات و دەیەوێت سوود لە پاڵپشتیی هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
گانەرز لە دۆخێکی زۆرباشدایە دوایین 7 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بردووەتەوە و لە دوایین 5 یارییدا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
برایتۆن دوایین یاریی لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دۆڕاندووە و بەرامبەر یانە لەندەییەکەش ئەرکی ئاسان نابێت.
یانەی لیڤەرپوول لە دۆخێکی خراپدایە و لە کاراباو کەپیشدا ئەرکی زەحمەتە، کاتێک بەرامبەر یانەی کریستال پاڵاس یاری دەکات.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی پاڵەوانێتییەکە لەسەر یاریگەی ئانفیڵد بەڕێوەدەچێت، ئەمە سێیەمجارە لەم وەرزەدا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە دوو یاریی رابردوودا لە قەڵخانی ئینگلتەرا و پرێمەرلیگدا، کریستال پاڵاس لە لیڤەرپوولی بردووەتەوە و ئەمشەویش ئەرکی خاوەن یاریگە ئاسان نابێت.
لیڤەرپوول لەکاتێکدا ئەم یارییە دەکات لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا بەرامبەر برێنتفۆرد دۆڕاوە، لە دوایین شەش یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و ئەنجامەکانی خراپن.
کریستال پاڵاس بەهەمان شێوەی لیڤەرپوول لە دۆخێکی باشدا نییە، لە دوایین چوار یارییدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا سێ یاریی دۆڕاندووە و هەردوو تیپەکە دەیانەوێت بەبردنەوەی یارییەکە دۆخی خۆیان باشتربکەن و بگەنە قۆناخی داهاتوو.
رکابەرییەکانی قۆناخی چوارەمی کاراباو کەپ بەردەوامدەبن و یانەی مانچێستەر سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی چاوی لە گەیشتنە بە قۆناخی داهاتوو.
یارییەکە ئەمشەو لە یاریگەی سوانزی بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە لە دوای ساڵی 2021ـەوە بۆ یەکەمجار بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن.
لە ریزەکانی مانچێستەر سیتی رۆدری بۆ یارییەکە ئامادەنییە، ئێرلینگ هالاند بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
مانچێستەر سیتی لە کاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا دۆڕاوە، یانەی سوانزی لە چامپیۆنشیپ یاری دەکات و تیپەکە لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندە و ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، بەڵام دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سیتی لە پاڵەوانێتییەکە بکاتە دەرەوە.
.png)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ