مانچێستەر سیتی تەنیا یەک هەنگاو لە یاریی کۆتایی کاراباو دوورە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی نیوکاسڵ کاراباو کەپ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی کاراباو کەپ، لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و نیوکاسڵ بەڕێوەدەچێت، ئەوەی لە یارییەکەدا سەردەکەوێت لە یاریی کۆتاییدا رکابەرێکی زۆر زەحمەتی دەبێت کە یانەی ئارسیناڵە.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 لە یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، مانچێستەر بە هەڵبەز و دابەزی زۆرەوە، لە یاریگەی خۆیدا یاریی گەڕانەوە دەکات و دەیەوێت بە بردنەوە و گەیشتن بە یاریی کۆتایی، هەموو ئەو نیگەرانیانەی هاندەرانی بڕەوێنێتەوە، بەهۆی ئاستی یانەکەوە دروستبوون، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا، سەرەڕای پێشکەوتنیان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، یانەکە نەیتوانی بردنەوە تۆماربکات و دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا.
 
ستیزنز یاریی چوونی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردووەتەوە، ئەوان لە یاریگەی خۆیان و لەبەردەم هاندەرانیان یاریی دەکەن، کەواتە مانچێستەر سیتی هەنگاوێکی زیاتر لە پێشەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی کاراباو کەپ.
 
تیپەکەی پێپ لە گواستنەوەی زستانەدا پارەیەکی زۆری بۆ هێنانی یاریزانی نوێ خەرجکردووە، بۆیە لە یەکەم کاردانەوەدا هاندەرانی تیپەکە چاوەڕێی سەرکەوتنی دەکەن بۆ یاریی کۆتایی جامەکە، بەڵام بردنەوەی یاریی چوون بەتەنیا بەس نییە و پێویستە ئەمشەویش تیپەکە لە دۆخێکی باشدا بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی گەیشتن بە وێمبڵی تەواو بکات.
 
نیوکاسڵ لە دوای دۆڕانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە یاریی چووندا، لە پێنج یارییدا تەنیا یەک یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بردووەتەوە، ئەوان لە دوایین یاریی پرێمەرلیگدا لەلایەن لیڤەرپوولەوە چوار گۆڵیان لێکراوە، ئەوان جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە بۆ ئەوەی بگەنە یاریی کۆتایی، بەڵام بردنەوەش پێویستی بە جیاوازیی سێ گۆڵ، کە ئەوەیان بەرامبەر تیپێک کە پڕە لە ئەستێرە و لە یاریگەی خۆی یاریی دەکات، هێندە ئاسان نییە.
 
دوایینجار نیوکاسڵ لە یاریگەی ئیتیحاد لە مانچێستەر سیتی بردبێتەوە 12 ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەمشەو ئیدی هاو، هیچ شتێک نییە لە دەستیبدات، بۆیە هەموو هەوڵەکانی لەپێناو ئەوەدا دەبن، وا بە ئاسانی دەستبەرداری هەلی گەیشتن بە یاریی کۆتایی نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە