رووداو دیجیتاڵ
پیدرۆ لویس ریبۆل، پزیشکی تایبەتمەندی پێکانی یاریزانان، هۆکاری پاشەکشەی ئاستی لامین یامالی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای لەماوەی رابردوودا دەستنیشانکردووە و دەڵێ "هێشتا خراپتر لە رێیە".
ئەو پزیشکە تایبەتمەندەی پێکانی یاریزانان لەبارەی پێکانەکەی لامین یامال لە کلێنچکەی، دەڵێ، چاکبوونەوەی ئەو جۆرە پێکانە بەخێرایی، زۆر زەحمەتە.
ریبۆل دەڵێ ئەو جۆرە پێکانە ئازاری زۆرە، ئەوەش توانای یاریزانی تووشبوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
پزیشکەکە ئاشکرایکردووە، ئەو یاریزانەی دووچاری ئەو پێکانە بێت، توانای جووڵە و شووت لێدانی، بەڕێژەی پەنجا لەسەد، کەمدەکات.
بەپێی قسەی پزیشکەکە، ئەو پێکانە قورسە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی لامین لە یاریگەدا دروستکردووە.
وەک پزیشکەکە دەڵێ، کاریگەریی پێکانەکە راستەوخۆ بریتی دەبێت لە کەمکردنەوەی توانای شووت لێدان و سنوورداربوونی جووڵە.
پیدرۆ لویس ریبۆلی پزیشک مەترسیداریی پێکانەکە بەوە دیاریی دەکات کە ئەو جۆرە پێکانە، درێژخایەنە و ئەوەش مانای ئەوەیە هێشتا خراپتر بۆ ئەو یاریزانە لە رێیە.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، ئەو ئاستە خراپەی لامین لە چەند یاریی رابردوودا پێشانیداوە، بەتایبەت لە کلاسیکۆ، بەهۆی پێکانەکەیەوە بووە، گوماندەکرێت پێکانەکەی سەریهەڵدابێتەوە و رێگریی لە دەرکەوتنی ئەو یاریزانە بەئاستێکی باشەوە کردبێت.
لامین لە مانگی دەی ئەمساڵدا و لە یاریی یانەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووچاری پێکان لە کلێنچکەی بوو. ئەگەرچی ئەو یاریزانە بەپێی پڕۆگرامێکی تایبەت شیاندنەوە بۆ پێکانەکەی ئەنجامدەدات، بەڵام لەدوای گەڕانەوەیەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر تیپەکەی دروست نەکردووە.
وێڕای ئەو دۆخەی یاریزانەکە پێیدا تێدەپەڕێت لە لەدەستدانی خێرایی و وردیی لە پاسات و شکاندنی هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەر، بەڵام دەستەی پزیشکیی بارسێلۆنا پێیانوانییە پێکانەکە سەریهەڵدابێتەوە.
بەپێی سەرچاوە کەتەلۆنییەکان، لامین بەبێ کێشە بەشداریی لە مەشقەکانی تیپەکەیدا کردووە و ئامادەیە بۆ یارییکردن بەرامبەر ئێلچی لە لالیگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ