رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید رایگەیاند دادگای هەرێمیی مەدرید تانەکانی یۆفا، لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپای لەبارەی سوپەرلیگەوە رەتکردووەتەوە و بەوەش یانەکە پێشوازی لە بڕیاری دادگاکە دەکات.
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا پێشوازی لە بڕیاری دادگای هەرێمیی مەدرید دەکات، بە رەتکردنەوەی تانەی یۆفا، لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەسەر یانەکە بەهۆی سوپەرلیگەوە. یانەکە دەڵێ، "داوای قەرەبوویەکی گەورە دەکەین".
یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ، "پێشوازی لە بڕیاری دادگای هەرێمیی مەدرید دەکەین، بە رەتکردنەوەی تانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا)، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی لالیگا".
هەروەها دەڵێ، "دووپاتیدەکەینەوە کە یۆفا لە بابەتی سوپەرلیگدا پێشێلکارییەکی مەترسیداری بنەماکانی رکابەریی ئازادی یەکێتیی ئەورووپای کردووە، کە هاوتایە لەگەڵ بڕیاری دادگای دادی ئەورووپا، لە رێگەی بەدبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانییەوە".
ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "ئەمە رێگەخۆشدەکات بۆ ئەوەی یانەکەمان داوای قەرەبوویەکی گەورە بکات".
ریال مەدرید هەروەها رایگەیاندووە، "بەدرێژایی ساڵی 2025 چەندین گفتوگۆمان لەگەڵ یۆفا کرد، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام نەگەیشتینە رێکەوتن لەبارەی یاسایەکی روونتر و بەردەوامبوونی داهات و پاراستنی تەندروستیی یاریزانان و باشترکردنی ئەزموونی هاندەران، لەنێویاندا پەخشی بەخۆڕایی و بەردەستی جیهانیی، وەکئەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا هەبوو".
ریال مەدرید لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا هەروەها دەڵێ، "بەپێی ئەوەی روویدا، یانەکەمان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی تۆپی پێی جیهان و هاندەرەکانی، لەگەڵ هەوڵدانی هاوکات بۆ بەدەستهێنانی قەرەبوو لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی بەرمان کەوت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ