ئامەدسپۆر و سەرۆکەکەی بەهۆی ترێندی کەزی سزادران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر کە ئێستا پلەی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیای گرتووە، بەهۆی ترێندی کەزییەوە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیاوە سزادرا.
 
یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، سزایەکی قورسی بەسەر یانەی ئامەدسپۆر و ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەکەدا سەپاند. ئەوەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک سەبارەت بە بەشدارییکردنیان لەو ترێندەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بڕینی قژی ژنێکی کورد لە سووریا و سووکایەتیکردن پێی، دەستیپێکردبوو.
 
لیژنەی دیسپلینی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2026، بەهۆی بڵاوکراوەی گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە ترێندی کەزی لە هەژماری فەرمیی یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سزای بەسەر ئەو یانەیەدا سەپاند.
 
یەکێتییەکە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بە هۆکاری لەکەدارکردنی ناوبانگی تۆپی پێ و دامەزراوەکان وەسفکردووە و دەڵێ، کە ئەوە پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژیی لەخۆگرتووە.
 
لە بڕیارەکەی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیادا هاتووە کە یانەی ئامەدسپۆر بەگوێرەی ماددەکانی 38/1-b، 42/4، 42/2 و 10/2ی پەیڕەوی دیسپلینی تۆپی پێ، بە بڕی 802 هەزار و 500 لیرەی تورکی (کە دەکاتە نزیکەی 18 هەزار و 500 دۆلار) سزا دراوە.
 
هەروەها سزای دیسپلین بەسەر ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆریشدا سەپێندرا. یەکێتییەکە بڕیاری دا بۆ ماوەی 15 رۆژ ناهید ئەرەن لە هەموو چالاکییەکان بێبەش بکات.
 
یانەی ئامەدسپۆر
 
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور - سەوز - سپی)یە. سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللیـیەکانی ئامەد دەکرد.
 
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر. 
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا. 
وەرزی 2024-2025 لە خولی یانە پلەدووەکاندا یەکەم بوو و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
ئێستا پێشەنگی یانە پلەیەکەکانی گرتووە و رکابەری بۆ گەیشتن بە خولی یانە نایابەکانی تورکیا دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە