لێدوانی فەرمی مۆرینیۆ دوای بردنەوە مێژووییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید

دوێنێ کاژێر 02:32
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکا دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوەیان لە ریال مەدرید و گەیشتن بە پاشکۆی چامپیۆنزلیگ پێشاندا و دەڵێت "یاریزانەکانم شایستەی رێزلێنانێکی زۆرن و شەوێکی لەبیرنەکراو بوو."
 
مۆرینیۆ لە دوای بردنەوە گەورەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید، لە دوایین ساتەکاندا و گەیشتنیان بە پاشکۆی چامپیۆنزلیگ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێموایە یارییەکە بۆ بێنفیکا خەیاڵی بوو بێگوێدانە ئەوەی لە داهاتوودا چی روودەدات. پێشتر دەمانزانی کە بەختێکی زۆرمان هەبوو لە تیروپشکەکەدا کاتێک رووبەڕووی ئینتەر میلان یان ریال مەدرید بووینەوە، بەڵام جیا لەوەش شەوێکی ناوازە بوو بۆ ئێمە، شەوێک بوو بۆ لەبیرنەکردن. پێموایە بەتایبەت بۆ هاندەرە گەنجەکان و بۆ ئەو منداڵانە، بەڕاستی شەوێکی باوەڕپێنەکراو بوو."
 
جۆزێ زیاتر قسەیکرد و گوتی "من زۆر دڵخۆشم بۆ یاریزانەکانم. پێموایە یاریزانەکان زۆر باش یارییان کرد، یارییەکی نائاسایییان ئەنجامدا. نامەوێت بڕوا بەوە بکەم کە رێز لەوان نەگیرێت. ئەگەر رێزیان لێنەگیرێت، ئەوە واتای ئەوەیە شتەکان سنوورێکی وەسفنەکراویان تێپەڕاندووە. ئەوان بەربەستێکی وەسفنەکراویان بڕیوە. من زۆر دڵخۆشم بۆ یاریزانەکانم. تیپەکە هەمان ئەو تیپەیە کە لەو کاتەوەی دەستم بە کارکردن لەگەڵیان کردووە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە؛ تیپەکە یەکگرتووە، کەسانی باشن، ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت کاربکەن، ئەو کەسانەن کە بەدەست ئەنجامە خراپەکانەوە ئازار دەچێژن، ئەو کەسانەن کە رەنج دەدەن بۆ ئەوەی دەستکەوتی ئەرێنی بەدەستبهێنن، ئەوانە ئەو کەسانەن کە کۆڵ نادەن و تاوەکو کۆتایی دەڕۆن."
 
سپێشەڵ وەن لەبارەی ئاستی تیپەکەیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "من بێنفیکایەکی گەورەم بینی، تێدەگەم کە ئێوە لە مەدرید شرۆڤە بۆ ریال مەدرید دەکەن و تەنیا ئەو وردەکارییانەی ریال مەدریدتان بەلاوە گرنگە کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی خۆتانەوە هەیە، بەڵام سەرنجی من لەسەر بێنفیکایە، لەسەر تیپەکەی خۆمە. ئێمە یارییەکی باوەڕپێنەکراومان کرد، بە یاریزانەکانم گوتبوو کە ئەم یاریزانانەی ریال مەدرید  شکستێکی گەورەتان پێدەگەیێنن ئەگەر بەرگرییەکی باش نەکەن، کیلیان ئێمباپێ خەریک بوو شکستمان پێبهێنێت، بەڵام لەڕووی بەرگرییەوە زۆر باش بووین، ئێمە یارییەکی نائاساییمان کرد. لێرە بەرامبەر لیڤەرکوزن بەشێوەیەکی خەیاڵی یاریمان کرد و دۆڕاین. بەرامبەر ناپۆلیش لەوێ بەشێوەیەکی خەیاڵی یاریمان کرد و بردمانەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەدڵنیاییەوە باشترین یاریی خۆمان لەم خولەدا ئەنجامدا، چونکە بەرامبەر ریال مەدرید ئەگەر بێ کەموکوڕی  نەبیت، هیچ چانسێکی بردنەوەت نییە."
 
بێنفیکا وەکو دوایین یانە گەیشتە پاشکۆی چامپیۆنزلیگ، رۆژی هەینی تیروپشکی ئەو قۆناخە و شازدەی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت و ئەگەری هەیە جارێکی دیکە بێنفیکا بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکاتەوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە