رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کاژێر 14:00 بە کاتی هەولێر تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ راکێشرا. ریال مەدرید و بێنفیکا دوای یارییە دراماتیکییەکەی رۆژی چوارشەممە، جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. لەو یارییەدا بێنفیکا بە ئەنجامی 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە هۆی دابەزینی ریال مەدرید بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکە و کەوتە پاشکۆ و مۆرینۆ راهێنەری بێنفیکا دووبارە دەگەڕێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ. ئاناتۆلی تروبین گۆڵپارێزی بێنفیکا بەو گۆڵەی لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەی پێشوو بە لێدانی سەر تۆماری کرد، وایکرد تیپەکەی مۆرینۆ لەسەر حیسابی مارسیلیا بگاتە ئەم قۆناخە.
پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە درێبییەکی فەرەنسیدا رووبەڕووی مۆناکۆ دەبێتەوە. گەڵاتەسەرای بەرامبەر یوڤێنتوس یاری دەکات و بۆرووسیا دۆرتمۆندی رووبەڕووی ئاتالانتا دەبێتەوە.
نیوکاسڵ یونایتد و ئیدی هاوی راهێنەری تووشی گەشتێکی دوور و درێژ بوون. پێویستە لە ناوەڕاستی مانگی 2 بچنە ئازەربایجان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەرەباخ. ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرامبەر کلۆب بروج یاری دەکات. ئینتەرمیلانی دووەمی وەرزی رابردوو رووبەڕووی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی دەبێتەوە. بایەرلیڤەرکوزنیش بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆس یاری دەکات.
یارییەکان بەم شێوەیە دەبن:
بێنفیکا - ریال مەدرید
بۆدۆ گلیمت - ئینتەر
مۆناکۆ - پاریس سانجێرمان
قەرەباخ - نیوکاسڵ یونایتد
گەڵاتەسەرای - یوڤێنتوس
کلۆب بروج - ئاتلێتیکۆ مەدرید
بۆرووسیا دۆرتمۆند - ئاتالانتا
ئۆڵۆمپیاکۆس - بایەر لیڤەرکوزن
یارییەکانی چوون لە رۆژانی 17 و 18ـی مانگی 2ـی 2026 ئەنجام دەدرێن، یارییەکانی گەڕانەوەش لە 24 و 25ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچن. براوەی ئەم یارییانە دەگەنە قۆناخی 16 و لەوێ رووبەڕووی ئەو تیپانە دەبنەوە پێشتر سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە، ئەوانیش: ئارسناڵ، بایرن میونشن، لیڤەرپوول، تۆتنهام، بارسێلۆنا، چێڵسی، سپۆرتینگ لیسبۆن و مانچێستەر سیتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ