رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی هەڵبژاردەی نایجیریا تووشی بێئومێدی بوون و ئەمساڵ ناتوانن هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالی قەتەر ببینن، بەهۆی لەدەستدانی بلیتی سەرکەوتن بۆ بەرژەوەندی هەڵبژاردەی غانا.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی یەکلاکەرەوەی پاڵاوتنەکانی ئەفریقا بۆ مۆندیالی 2022 هەڵبژاردەی نایجیریا میوانداری هەڵبژاردەی غانای کرد، دوای ئەوەی لە یاریی چووندا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
نایجیریا لەسەر یاریگەی خۆیدا 1-1 لەگەڵ غانا یەکسانبوو، بۆیە بەپێی یاسای گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆتدا، کە لە ئەفریقا هێشتا جێبەجێدەکرێت، بلیتەکە بۆ غانا رۆیشت و نایجیریا نەیتوانی هیوای هاندەرانی بێنێتەدی، کە هەمیشە لەسەر بەشداریکردن لە مۆندیال راهاتوون.
تۆماس پارتی، هەر زوو هەڵبژاردەی غانای بە گۆڵێک پێشخست، کاتێک لە خولەکی 10 تۆڕی نایجیریای هەژاند.
لە خولەکی 22 ولیام ئیکۆنگ لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ تیپی خاوەن یاریگە تۆمارکرد، بەڵام یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات و خەونی نایجیرییەکانیش لەنێو یاریگەی خۆیاندا کۆتاییهات، کە هاندەرانیان ئەمەیان پێ قبوڵ نەکرا و دەستیان کرد بە تێکدان و شکاندنی کورسییەکانی یاریگەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ