رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی یەکێتیی باسکەی عێراق، دیار محەممەد سدیق، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی یەکێتییەکە، پلانی خۆی بۆ رزگارکردنی باسکە و شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی وەرزشەکەی ئیفلیج کردووە، ئاشکراکرد.
رۆژی هەشتی مانگی حەوتی ساڵی رابردوو، سەنتەری یەکلاکردنەوە و ناوبژیوانی وەرزشیی عێراق، کە بەبڕیاری لیژنەی ئۆڵۆمپی و دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێ وەرزشییەکان دامەزراوە و لەلایەن دادگای کاسی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراوە، دەستەی پێشووی یەکێتیی باسکەی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەبیانووی "هەبوونی ژمارەیەک سەرپێچی لە کارەکانی حوسێن عمێدی، سەرۆکی یەکێتییەکە".
پێنجشەممەی رابردوو لە شاری بەغدا، هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی دەستەیەکی نوێ بۆ یەکێتیی باسکەی عێراق ئەنجامدرا، دیار محەممەد سدیق کە کوردە و خەڵکی سلێمانییە، بووە سەرۆکی یەکێتیی باسکەی عێراق.
دیار محەممەد بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، "لە ماوەی کارکردنی دەستەی نوێی یەکێتییەکەدا کاردەکەین بۆ زیندووکردنەوەی خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە چالاکییەکانی ئاستی تەمەن و لاوان، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی بناخەیەکی پتەو و دروستکردنی یاریزانی ئاستبەرز بۆ داهاتووی یانەکان و هەڵبژاردەی عێراق".
لە هەڵبژاردنی یەکێتییەکەدا، 69 کەس وەک ئەندامی دەستەی گشتی دەنیگاندا و 10 کەسی دیکە بوونە ئەندامی یەکێتییەکە، لە نێویاندا عەلی محەممەد کە کوردە و خەڵکی زاخۆیە بووە ئەندامی یەکێتییەکە، دەستەی نوێ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و یەکەم بڕیاریان ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی گەورەیە و شارەزایانی یارییەکە بانگهێشت دەکرێن لەپێناو زیندووکردنەوەی یارییەکە.
دیار محەممەد کە دکتۆرای لە وەرزشدا هەیە و راگری کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانییە، دەڵێ، "قۆناخی داهاتوو، پشت بە پرەنسیپەکانی کاری باش و روونی دەبەستێت لە بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە، لە رێگەی دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان لە هەموو بڕیارەکاندا".
ئەو هەڵوەستە لەسەر بایەخدان بە ژێرخانی وەرزشەکە دەکات و بەنموونە باسی هۆڵی یاریگەی شەعب دەکات لە بەغدا، کە بەبڕوای ئەو، هۆڵەکە "بەدەست چەندین کەموکوڕییەوە دەناڵێنێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامودەزگانی حکومەت دەمانەوێت هۆڵەکە نۆژەن بکەینەوە و مەرجە نێودەوڵەتییەکانی تێدابن، بۆ ئەوەی بتوانین مافی میوانداریکردنی یارییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین".
سەرۆکە کوردەکەی یەکێتیی باسکەی عێراق، لەبارەی بایەخدان بە ئافرەتان لە وەرزشەکەدا ئاشکرایکرد "هەموو ئەو شارانەی تیپ و فێرگەی کچانیان هەیە، لەلایەن بەرپرسی بەشی خانمان سەردانیان دەکرێت و بە یەک چاو کار بۆ هەمووان دەکەین، بایەخێکی زۆریان پێدەدەین، بوونیان لەنێو چالاکی و گۆڕەپانی باسکە زۆر بەهێزتر دەکەین".
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە یەکێتیی باسکەی عێراق لە شاری بەغدا کۆبوونەوە ئەنجامبدات و پلانی دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئاشکرا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ