نیکۆ پاز.. ئەو ئەستێرەیەی ئارتێتا پێی سەرسامە و پێویستە پێرێز رازی بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نیکۆ پاز ئارسیناڵ ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، دوای لەدەستدانی جامی کاراباو بەرامبەر مانچێستەر سیتی، سەرەڕای ئەوەی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە و گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بەڵام بیر لە گۆڕانکاری بۆ وەرزی داهاتوو دەکاتەوە و ئەستێرەیەکی بەتوانای سێری ئای کردووەتە ئامانج و رکابەریی ریال مەدرید دەکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئارسیناڵ بیر لە گواستنەوەی نیکۆ پاز، ئەستێرەی لاوی ئەرجەنتین و یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دەکاتەوە، میکێل ئارتێتا، بە تواناکانی ئەو یاریزانە سەرسامە و داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە بۆ ئەوەی هەوڵی گواستنەوەی بدەن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە یاریزانەکە لە ریال مەدریدەوە چووەتە یانە ئیتاڵییەکە، بەڵام بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە رێگە بە یانە ئیسپانییەکە دەدات بەرامبەر 9 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە، میدیای ئیسپانیاش دەڵێت "لە وەرزی داهاتوودا یاریزانەکە دەگەڕێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ." بۆیە گانەرز رکابەریی یانە مەدریدییەکە دەکات بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە.
 
نیکۆ پاز، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم ورزەدا لەگەڵ کۆمۆ پێشکێشی دەکات، سەرنجی زۆری بەلای خۆیدا راکێشاوە و بووەتە ئامانجی یانە گەورەکان، میکێل ئارتێتاش دەیەوێت سوود لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سێسک فابریگاس وەربگرێت بۆ ئەوەی یاریزانەکە رازی بکات پەیوەندی بە یانەی ئارسیناڵەوە بکات.
 
نیکۆ لەم وەرزەدا لە 29 یارییدا 10 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە، لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش گۆڵێکی بەدرێسی تانگۆوە تۆمارکرد و ئەو یاریزانە زیاتر چووە نێو دڵی هاندەران و بووە رۆژەڤی میدیای ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ئەرجەنتین.
 
هارگریڤز، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلتەرا و مانچێستەر یونایتد، لەبارەی نیکۆ پازەوەو دەڵێت "کوڕێکی گەنج لە کۆمۆ هەیە و ناوی نیکۆ پازە، ئەو برگەیەکی هەیە کە دەتوانێت بگەڕێتەوە ریال مەدرید، بەڵام دەتوانین لە مۆندیال بیبینین و پێموایە یاریزانێکە لەگەڵ شێوازی یارییکردنی ئارسیناڵ دەگونجێت."
 
نیکۆ تەمەنی 21 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمۆ لە هاوینی 2028 کۆتایی دێت، نرخەکەی 65 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت بیگەڕێنێتەوە دەتوانێت بە 9 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بکڕێتەوە، بەڵام ئارسیناڵ دەیەوێت رکابەریی یانەی شاهانە بکات بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە