ئاماژەیەک لە ئێنزۆ فێرناندێزەوە سەبارەت بە گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن ئێنزۆ فێرناندێز یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێنزۆ فێرناندێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و ناوەڕاستکاری چێڵسی، پەیامێکی ئاشکرای بۆ بەرپرسانی ریال مەدرید ناردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە حەز بەیارییکردن لەو یانەیە دەکات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن ئەمە یەکەمجارە ئینزۆ ویستی خۆی بۆ یارییکردن لە یانەی شاهانە ئاشکرا بکات، لە کاتێکدا پێشتر هەر ئەگەرێکی لەبارەی پۆشینی درێسی یانەکەوە رەتکردبووەوە.
 
ئینزۆ بەیەکێک لە ئامانجەکانی ریال مەدرید بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینی داهاتوو دادەنرێت. ریال مەدرید دەیەوێت یاریزانێکی بە‌هێز و پتەو وەک چەق بباتە ریزەکانی. 
 
گرێبەستی ئینزۆی 25 ساڵان لەگەڵ بلووز لە هاوینی 2032 کۆتایی دێت، ئەوەش ئەرکی ریال مەدریدی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە قورسکردووە، بەتایبەت کە بەپێی میدیاکان، نرخی گرێبەستەکە رەنگە 130 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕێنێت.
 
پێشتر فێرناندێز رەتیکردبووەوە قسە لەسەر داهاتووی خۆی بکات و بوونی هەر دانوستاندنێکی لەگەڵ ریال مەدرید رەتکردبووەوە و گوتبووی "هیچ گفتوگۆیەک لە ئارادا نییە، ئێمە ئێستا هزرمان لەسەر چێڵسییە، چاوەڕێ دەبین بزانین دوای مۆندیال چی روودەدات".
 
لەبەر قەیرانی ئێستای چێڵسی و ناجێگیریی ئەنجامەکانی تیپەکە، ئەگەری هەیە داهاتووی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە، دوای بەشداریکردنی لە مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بگۆڕێت، کە تێیدا هەوڵدەدات لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرگری لەو نازناوە بکات کە لە قەتەر بەدەستیان هێنا.
 
ئێنزۆ فێرناندێز لە نوێترین چاوپێکەوتندا، ئاماژەی بە ئەگەری رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید کردووە، کاتێک لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو شارەی حەز دەکات تێیدا بژی، گوتی "مەدرید، زۆر سەرسامم پێی، چونکە لە بۆینس ئایرێس دەچێت".
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لە ئارەزووی ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست کردووە، بۆ یاریکردن لە ریال مەدرید لە داهاتوودا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ئامادەیە چێڵسی جێبهێڵێت ئەگەر دەستەوارەیەکی لە یانە شاهانەکەوە پێ بگات، ئەمەش دەکرێت ئەرکی یانە ئیسپانییەکە بۆ گواستنەوەی ئاسانتر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە