چێڵسی سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ فیرمین لۆپێز

30-08-2025
نیشانەکردن لالیگا فیرمین لوپێز یانەی بارسێلۆنا یانەی چێڵسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ فیرمین لۆپێزی ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، دۆسێی یاریزانەکە لە چەند کاژێری رابردوودا باڵی بەسەر دانوستاندن و رووداوەکانی نێوان هەردوو یانەدا گرتووە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی چێڵسی لە دوایین دەستەوارەدا 50 ملیۆن و هەندێک گۆڕانکاریی داوەتە بارسا، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە چاوی لەپارەی زیاترە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، بارسا ئامادەنییە بەکەمتر لە 90 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت، لە کاتێکدا چێڵسی هەوڵدەدات هەرچۆنێک بێت، کەمترین پارە لە بەدەستهێنانی ئەو یاریزانەدا خەرج بکات.
 
فیرمینی تەمەن 22 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو 2029یە بەمەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی 500 ملیۆن یۆرۆ. لەوکاتەوەی یانە ئینگلیزییەکە ویستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە ئاشکرادووە، ئەو بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
 
بەر لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و لیڤانتی لەلالیگا، هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە دووپاتیکردەوە نایەوێت هیچ یاریزانێک لە یانەکە بڕوات. سەرچاوەکان دەڵێن فلیک بەبەرپرسانی بارسای گوتووە، لیستی تیپەکەی هیچ یاریزانێکی لێ زیاد نییە.
 
هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێن، ئەو یاریزانە دەیەوێت لە یانەکە بەردەوام بێت، لە کاتێکدا بەپێی سەرچاوە ئینگلیزییەکان یاریزانەکە بیرۆکەی چوون بۆ پرێمەرلیگی بەدڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە