سەرۆکی یانەیەکی تورکیا لە گازینۆیەکدا کوژرا

30-08-2025
نیشانەکردن خولی تورکیا کوشتن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کامێراکانی چاودێری، ساتی کوشتنی سەرۆکی یانەیەکی تۆپی پێی تورکیایان تۆمارکردووە، کاتێک لە گازینۆیەکدا کەسێک بەفیشەک کۆتایی بەژیانی دەهێنێت.
 
تونجای میریچ، سەرۆکی یانەی ئەلمیداخ سپۆر، لەلایەن کەسێکی دەمامکدارەوە لەکاتی دانیشتنی لە گازینۆیەکی ناوچەی چیکمیکۆی ئیستەنبوڵ گولەیەک بەسەریەوە نرا.
 
میریچی 49 ساڵان، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
میریچ ماوەی چەندین ساڵ سەرۆکی یانەی ئەلمیداخ سپۆر بووە، بە رۆڵ و کاریگەریی گەورە لە تۆپی پێ ئارەزوومەندانی تورکیا ناسرابوو.
 
میریچ کەسایەتییەکی دیاری تۆپی پێی تورکیا بوو، چەندین دەستپێشخەریی بۆ هاندانی لاوان لە ناوچەی چیکیمیکۆ و ناوچەکانی دیکە هەبووە.
 
پۆلیسی تورکیا رایگەیاندووە لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە، ئاشکرایکردووە ئەنجامدەری تاوانەکە خۆی شاردووەتەوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
 
یانەی ئەلمیداخ، ساڵی 2010 لە ناوچەی چیکیمیکۆی بەشی ئاسیایی ئیستەنبوڵ دامەزراوە، لە خولی ئارەزوومەندانی تورکیا بەشدارە.
 
کوشتنی سەرۆکی یانەی ئەلمیداخ کاردانەوەی ناڕەزایەتیی تووندی لە نێوەندی وەرزشیی تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوە دووەم رووداوی کوشتنی سەرۆک و راهێنەری یانەکانە لەچەند ساڵی رابردوودا لەو وڵاتە.
 
پێشتر ساڵی 2024، ئارسین ئاکا، راهێنەری یانەی چۆرلسپۆر لە رووداوێکی دیکەدا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە شاری تەکرداخ تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە