رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید یەکەم هەنگاوی نا بۆ دیاریکردنی راهێنەری نوێ و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە دەیەوێت ئونای ئیمرێ بکاتە شوێنگرەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە وەرزی داهاتوودا.
کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، یەکەم هەنگاوی کردەیی نا بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری ئێستای یانەکە، کە بڕیارە وەک راهێنەرێکی کاتی تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بەردەوام بێت.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا چەند هەفتەیەکە ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی گرتووەتە دەست، دوای ئەوەی یانەکە بەڕەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ هەڵوەشاندەوە. ئەربێلوا لەو ماوە کورتەدا سەرپەرشتی 5 یاری کردووە، 3 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 2 یاریشدا تووشی شکست بووە.
رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ لە راهێنەرایەتی مێرێنگی دوای ئەوە هات کە لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەئەنجامی 3-2 بە یانەی بارسێلۆنا دۆڕا. ئەلۆنسۆ لە سەرەتای ئەم وەرزەوە و لە جامی جیهانی یانەکانەوە ئەرکەکەی وەرگرتبوو، لەکۆی 34 یاری، 24 سەرکەوتن، 4 یەکسانبوون و 6 شکستی هەبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی سکای سپۆرتس، کارگێڕیی ریال مەدرید پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئونای ئیمرێ، راهێنەری ئیسپانی یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو سەرپەرشتی یانەی شاهانە بکات.
راپۆرتە ڕۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئیمرێ تەمەن 54 ساڵ، لە پێشەنگی لیستی ئەو راهێنەرانەدایە کە پێرێز دەیەوێت گرێبەستیان لەگەڵ بکات و یەکەم پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئونای ئیمرێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بەو دەنگۆیانە گوتی "هیچ لێدوانێکم نییە." ئەم وەڵامە لەلایەن چاودێرانی وەرزشییەوە وەک ئاماژەیەک بۆ راستیی بوونی دانوستاندنەکان لێکدرایەوە، چونکە بەڕوون و راشکاوی رەتینەکردەوە.
ئیمرێ کە پێشتر ئەزموونێکی سەختی لەگەڵ ئارسیناڵ هەبوو، لە تشرینی دووەمی 2022ـوە گەڕاوەتەوە خولی ئینگلیزی و لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات؛ ئەو راهێنەرە لە کۆی 173 یاری لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا، تەنیا دوو سەرکەوتنی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە 100ـەمین سەرکەوتن لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ