رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشن دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەی گەڕی رابردوو بکاتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی هامبۆرگ یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 20ـی خولی ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشنی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی هامبۆرگ یاریی دەکات و دەیەوێت 17ـەیەم بردنەوە لەم وەرزەدا تۆماربکات، بە دوو ئامانج، یەکەمیان زیاترکردنی خاڵەکانی لە پێشەنگی ریزبەند و دووەمیان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەی لە گەڕی رابردوودا بەرامبەر ئوگسبۆرگ تووشی بوون.
باڤارییەکان لەم وەرزەدا تەنیا یەک یارییان دۆڕاندووە، 2 جار یەکسانبوون و 16 بردنەوەیان هەیە، ئێستا 8 خاڵ لە دۆرتموندی دووەمەوە دوورن.
هامبۆرگ بە 4 بردنەوە، 6 یەکسانبوون 8 دۆڕان لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لەوەیە لە یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامێکی باشەوە یارییەکە تەواو بکات، بەڵام ئەرکیان زەحمەتە.
بایرن میونشن بە دووەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ بەشێوەی راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی شازدە، دەیەوێت بەو ورە بەرزییەوە لە خولی ئەڵمانیادا بەردەوامبێت و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ