ئیمپڕاتۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات و دەیەوێت بگەرێتەوە سەر رێگەی راست.
 
لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی 16ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئەمانە بەغدا یاریی دەکات و دەیەوێت دوای سێ یاریی بەبێ بردنەوە، بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و هاندەرانی دڵخۆش بکات، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
 
هەولێر لە سێ گەڕی رابردوودا دوو یاریی بەرامبەر زەورا و تەڵەبە دۆڕاندووە و بەرامبەر کەرخ یەکسانبووە، بەڵام یانەکە بەباشی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و چاوی لە بردنەوەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی یانەکە پێشەنگی لەدەستدا و چووە پلەی سێیەمی ریزبەند.
 
بەر لە یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هەموو یارییەک گرنگ و قورسە، هەوڵدەدەین قەرەبووی ئەنجامی سێ یاریی رابردوو بکەین، ئێمە لە دوو یاریی رابردوودا باجی نا ئامادەیی بەشێکی یاریزانەکانماندا، بەڵام دوای زیادکردنی یاریزانە نوێیەکان هەوڵدەدەین قەرەبووی بکەینەوە."
 
راهێنەری هەولێر زیاتر دەڵێت "ئەمانە بەغدا تیپێکی باشە و ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، بۆ ئەوەی گوشاری زۆری یارییەکان کاریگەریی لەسەر تیپ نەبێت پێویستیت بە یەدەگی زۆرباشە، دوای هێنانی پێنج یاریزانی پیشەگەر هیوادارین تیپەکە بگەڕێتەوە سەر رێچکەی راست."
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، یانەی هەولێر لە تواناکانی مستەفا قابیل بێبەش دەبێت و سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن.
 
یانەی ئەمانە بەغدا لە شەش یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، لە دوایین 2 یارییدا دۆراوە، یانەکە لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یارییەکە لە هەولێر بباتەوە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە