لامین دوای یاریی لیڤانتێ داوای دوورخستنەوەی ئەستێرەیەکی لە فلیک کردووە

31-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال هانزی فلیک مارکوس راشفۆرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال دوای یاریی لیڤانتێ بەئاشکرا رەخنەی لە مارکوس راشفۆردی یاریزانی نوێی بارسێلۆنا گرتووە و داوای لە هانزی فلیکی راهێنەر کردووە چیدی وەک یاریزانی سەرەکی یاری پێنەکات.
 
سەرەڕای بردنەوەیان لە لیڤانتێ، هانز فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا لە ئاستی تیپەکەی رازی نەبوو، بەتایبەتی دوای گۆڕانکارییە کتوپڕەکان کە نەگەیشتنە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان و نزیک بوون لەوەی لانیکەم دوو خاڵ لەو یارییەدا لەدەستبدەن. 
 
دیارترینی ئەو گۆڕانکارییانە نەبوونی فرێنکی دی یۆنگ بوو بەهۆی مۆڵەتی باوکایەتییەوە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناوەڕاستی یاریگا هەبوو. دابەزینی ئاستی مارک کاسادۆ بەبێ دی یۆنگ وای لە فلیک کرد لە گێمی یەکەمدا بیکاتە دەرەوە، و پابلو گاڤی شوێنی گرتەوە، کە ئاستێکی باشی پێشکێش کرد. هەروەها گۆڕانکاری دیکەش لە هێڵی هێرشبردن هەبوون، چونکە فلیک بڕیاریدا یاریزانەکان لە شوێنی نوێدا تاقی بکاتەوە.
 
بەڵام دیارترین رووداو یەکەم دەرکەوتنی مارکۆس راشفۆرد بوو وەک یاریزانی سەرەکی لەگەڵ بارسا لە یارییەکەدا. سەرەڕای ئەوەی هاندەران چاوەڕوانی بینینی بوون دوای ئاستە باشەکەی لە جامی خوان گامپەر، بەڵام یەکەم دەرکەوتنی نائومێدکەر بوو. 
 
راشفۆرد وەک باڵی چەپ یاری کرد، سەرەڕای ئەوەی رۆڵی راستەقینەی ئەو لەو شوێنە نییە، بۆیە یاریزانە ئینگلیزەکە نائاسوودە دەردەکەوت و نەیدەتوانی لەگەڵ ریتمی یارییەکەدا بگونجێت، ئەمەش وای لە فلیک کرد لە نێوان دوو گێمدا بیگۆڕێت.
 
رەخنەکان تەنیا لەلایەن هاندەران و میدیا نەبوون، بەڵکو هەندێک لە یاریزانانی ناو تیپەکەش دەستیان کرد بە گوشارخستنە سەر فلیک. لەنێویاندا لامين يامال، کە بەگوێرەی زانیارییەکانی دیفێنسیا سێنتراڵ، دوای یارییەکە بەئاشکرا رەخنەی تووندی لە ئاستی راشفۆرد گرتووە. 
 
وەک ئەو رۆژنامەیە باسی دەکات، یامال داوای لە راهێنەرە ئەڵمانییەکە کردووە راشفۆرد وەک یاریزانی سەرەکی لە یارییەکانی داهاتوودا بەشدار نەبێت، ئاماژەی بەوەداوە کە هێشتا پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ گونجان لەگەڵ شێوازی بارسێلۆنا. هەروەها داوای لە فلیک کردووە کە پشوودرێژ بێت و پەلە نەکات لە خستنە ناو پێکهاتەی سەرەکی.
 
وادیارە فلیک رووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە دەبێتەوە لە دیاریکردنی رۆڵی راشفۆرد لە یارییەکانی داهاتوودا، بەتایبەتی بەهۆی گوشاری یاریزانان و کارگێڕیی. گرنگ دەبێت کە فلیک بڕیاربدات ئایا بەردەوام دەبێت لە پێدانی دەرفەت بە یاریزانەکە وەک بەشێک لە پڕۆژەکەی، یان بڕیاری دواخستنی بەشداریکردنە سەرەکییەکانی دەدات تاوەکو باشتر لەگەڵ تیپە نوێیەکەیدا دەگونجێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە