رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو داتایانەی فەرمانگەی نیشتمانیی وردبینیی دارایی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەرکی حکومەت لە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا "قورسە"، چونکە ناردنی هەر کۆچبەرێک ملیۆنێک و 800 هەزار پاوەند لەسەر دەوڵەت دەکەوێت.
یەکێک لە مژارەکانی دیاسپۆرای رۆژی هەیینی 01-03-2024، تایبەت بوو بەو داتایانەی فەرمانگەی نیشتمانیی وردبینیی دارایی بەریتانیا بڵاویکردبوونەوە لەبارەی ئەو ئەرکە داراییانەی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی بەریتانیا لە کاتی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا.
ئەو فەرمانگەیە دەڵێت، حکومەت لە سەرەتادا 300 کۆچبەر دەنێرێت بۆ هەر کۆچبەرێکیش، ملیۆنێک 800 هەزار پاوەند دەبێت بداتە رواندا، بەمەش ئەگەر تەواوی پلانی ناردنی کۆچبەران جێبەجێ بکرێت دەبێت حکومەتی بەریتانیا نیو ملیار پاوەند بداتە ئەو وڵاتە.
پێشووتر حکومەتی بەریتانیا هیچ زانیارییەکی لەبارەی نێوەڕۆکی رێکەوتنەکە ئاشکرانەکردبوو، بەڵام ئەو فەرمانگەیە دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە ئەگەر حکومەتی بەریتانیا هیچ کۆچبەرێکیش نەنێرێت بۆ رواندا، دەبێت لەماوەی پێنج ساڵدا 370 ملیۆن پاوەند بداتە ئەو وڵاتە.
فەرمانگەی نیشتمانیی وردبینی دامەزراوەی چاودێریکردنی خەرجییەکانی دەوڵەتە. بڵاوکردنەوەی ئەو داتایانە وادەکەن هێندەی دیکە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا سەخت ببێت.
هۆکارێکی دیکەی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا سەخت کردووە دروست بوونی شەڕ و ناکۆکیی قووڵی رواندایە لەگەڵ ژمارەیەک دەوڵەتی ئەفریقی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ