رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، هێزەکانی خستووەتە دۆخی "ئامادەیی بەرگریی"ـەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
رۆژی هەینی، 20-02-2026، ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "لە نزیکەوە چاودێریی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەین و ئاگاداری ئەو گفتوگۆ گشتییانەین کە سەبارەت بە ئێران هەن. سوپا لە دۆخی ئامادەیی بەرگریدایە."
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان و رایگەیاند: "چاومان لە هەموو ئاراستەکان بە کراوەیی ماوەتەوە و ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئۆپەراسیۆنەکاندا."
سەرەڕای راگەیاندنی ئەم ئامادەییە، دیفرین رایگەیاند، هێشتا "هیچ گۆڕانکارییەک لە رێنماییەکانی بەرگریی ناوخۆدا" بۆ خەڵک نییە و ژیان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، بەڵام سوپا بۆ هەر "ئەگەرێکی کاری ئێران یان زیادبوونی گرژی سەربازی لە ئامادەییدایە."
ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، واشنتن هێزێکی گەورەی دەریایی و ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆکردووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە کە ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە رێککەوتن، بژاردەی سەربازی بەکاردەهێنێت.
هەر ئەمڕۆ ترەمپ لە کۆشکی سپی پرسیاری لێکرا، بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکاتەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: "وابزانم دەتوانم بڵێم کە بیری لێدەکەمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ