ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئێران جێبهێڵن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، بەهۆی "زیادبوونی گرژییەکان" لەنێوان واشنتن و تاران، داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات ئێران جێبهێڵن. ئەو گوتەبێژە هۆشداری دا کە لە کاتی تێکچوونی دۆخەکەدا هاووڵاتییان ناتوانن وەک پێویست هاوکاریی دیپلۆماسی وەربگرن.
 
رۆژی هەینی، 20ی شوباتی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین، لە رێگەی میدیاکانی وڵاتەکەیەوە داوای لە هاووڵاتییانی کرد "بە رێگەی وشکانی یان هێڵە ئاسمانییە بەردەستەکان لە ئێران بچنە دەرەوە و خۆیان بگەیەننە وڵاتانی دراوسێ".
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئێستا "چەند سەت" هاووڵاتییەکی ئەڵمانی لە ئێرانن. ئەو بەرپرسە گوتی: "هەموو ستافی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران لەسەر کار نییە، هەربۆیە تەنیا دەتوانێت هاوکارییەکی سنوورداری دیپلۆماسی پێشکێش بکات." 
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت و جنێڤ بەڕێوەچوون. ئەمریکا داوای سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران دەکات، لە بەرامبەردا ئێران جەختی لە "مافی" وڵاتەکەی بۆ پیتاندنی مادە ئەتۆمییەکە کردووەتەوە.
 
هاوکات لەگەڵ دیپلۆماسی، ترەمپ مۆڵەتی 15 رۆژی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن داناوە و وەک گوشارێک بۆ سەر ئێران، هێزی دەریایی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
 
رۆژی هەینی، 20ی شوبات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئێرانەوە گوتی، "بۆ ئەوان باشترە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. دەزانن خەڵکی ئێران زۆر جیاوازن لە سەرکردەکانی ئێران. دۆخی خەڵکە دڵگرانکەرە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە